یه‌كگرتوو له‌سه‌ر ده‌نگدان به‌ كاندیدی سه‌رۆک كۆمار ڕوونکردنه‌وه‌ ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێکی یه‌كگرتووی ئیسلامی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌باره‌ی ده‌نگدان به ‌كاندیدی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار ده‌ده‌ین و ده‌مانه‌وێت كورد یه‌ک كاندیدی هه‌بێت ئه‌گه‌رنا بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین ده‌نگ به ‌كام له ‌كاندیده‌كان بده‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مسته‌فا عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكاری یه‌كگرتووی ئیسلامی ڕای‌گه‌یاند: تا ئێستا وه‌ک یه‌كگرتووی ئیسلامی هیچ كاندیدێكمان بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار نییه و بڕیاریشمان نه‌داوه‌ ده‌نگ به‌ چ كاندیدێكی كورد بده‌ین بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌.

ناوبراو وتیشی: "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له ‌ناو خۆیاندا ڕێكبكه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی به ‌یه‌ک كاندیده‌وه‌ بچنه‌ به‌غدا و یه‌كڕیزی نیشتمانی دروست ببێت".

مسته‌فا عه‌بدوڵڵا سه‌باره‌ت به‌خۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حزبه‌كه‌شی بۆ ده‌نگدان به ‌كاندیدێكی دیاریكراو ئاشكرای كرد: به‌هۆی سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردن گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان نه‌كردوووه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر گفتوگۆكانی چه‌ند ڕۆژی داهاتوو سه‌ری نه‌گرت، ئه‌وا یه‌كگرتووی ئیسلامی فراكسیۆنه‌كه‌ی له ‌به‌غدا بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیدێک یان ده‌نگ‌نه‌دان به كام له ‌كاندیده‌كان بۆ سه‌رۆک كۆمار ڕاده‌سپێرێت.

شایانی باسه‌؛ خۆ یه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیدی سه‌رۆک كۆمار له ‌كاتێكدایه‌ هه‌ریه‌ک له‌ یه‌كێتی و پارتی به‌ فه‌رمی كاندیدیان بۆ پۆسته‌كه‌ پێشكه‌ش كردوووه‌.

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38216

Your Comment

You are replying to: .
captcha