پارتی له‌ ڕێگای ڕاگه‌یێندراوێکه‌وه‌ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رکۆمار وه‌ڵامی یه‌کێتی ده‌داته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا له‌باره‌ی چوونی شاندی پارتی بۆ به‌غدا و پۆستی سه‌رکۆمار وه‌ڵامی یه‌کێتی ده‌داته‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یێنێت: پێداگریی یه‌كێتی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆککۆمار هیچ به‌هانه‌یێكی موقنعی نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلوولی 2018 مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ڕێگای ڕاگه‌یێندراوێکه‌وه‌ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رکۆماری عێراق وه‌ڵامی یه‌کێتی دایه‌وه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌:

هاووڵاتییانی به‌ڕێز...

لای هه‌مووتان ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ پارتی نه‌ک هه‌ر له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ به‌ڵكوو هه‌میشه‌ په‌رۆشی پێكه‌وه‌یی و یه‌كڕیزی بوووه‌ و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیشی له‌و پێناوه‌دا بوووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆک كۆماری عێراق، ئێمه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی هه‌میشه‌ دووپاتمان كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ش و ئیستیحقاقی گه‌لی كوردستانه‌ و هه‌رگیز تاپۆ و پاوانی حزبێكی دیاریكراو نییه‌. له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌شمان له‌ باره‌گای به‌رێز كاک كۆسره‌ت جارێكی دیكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌گه‌ڵ تاوتوێ كردن، زۆر به‌ ڕاشكاوی پێمان گوتن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند جاری ڕابردوو پۆستی سه‌رۆک كۆمار له‌ لای یه‌كێتی بوووه‌، پێمان باشه‌ بۆ ئه‌م جاره‌ پۆسته‌كه‌ له‌ لایه‌ن پارتیمانه‌وه‌ كاندیدی بۆ دیاری بكرێت و له ‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی پۆست و ئیستحقاقی دیكه‌ پڕ بكاته‌وه‌، بڕیاریش وابوو له‌ نێو خۆیاندا گفتوگۆی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بكه‌ن و دواتر وه‌ڵاممان لێ بگێڕنه‌وه‌. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بیستمان كه‌ تاک لایه‌نه‌ و بێ مشوه‌ره‌ت له‌گه‌ڵ پارتیمان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و، بێ گوێدانه‌ داواكارییه‌كه‌ی ئێمه‌، كاک به‌رهه‌م ساڵحیان گه‌ڕانده‌وه‌ نێو یه‌کێتی و کاندیدیان کرد بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار بۆیه‌ جێی سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ ده‌بیستین یه‌كێتی چوونی وه‌فدی ئێمه‌ بۆ به‌غدا به‌ هه‌ڵوێستێكی تاک لایه‌نه‌ ده‌زانێ.

له‌ ڕاستیدا پێداگیریی یه‌كێتی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ هیچ به‌هانه‌یێكی موقنعی نییه‌، ئه‌گه‌ر باسی ڕێککه‌وتنی ساڵی 2005ی نێوان مه‌سعوود بارزانی و مام جه‌لالی ڕه‌حمه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌وا له‌ ئێستادا نه‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ و نه‌ پۆسته‌كه‌ بۆ مام جه‌لاله‌ و كۆی هه‌ل و مه‌رجه‌كه‌ش گۆڕاوه‌. جگه‌ له‌وه‌ی زۆر له‌ بڕگه‌كانی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ چوار خاڵییه‌ و ته‌نانه‌ت ڕێکكه‌وتنی ستراتێژیی 2007یش له‌ لایه‌ن خودی یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌مێكه‌ پشتگوێ خراون. خۆ ئه‌گه‌ر ئیستحقاقی ئینتیخابییش پێوه‌ر بێت، مه‌علوومه‌ كه‌ پارتی وه‌ک هێزی براوه‌ی یه‌كه‌م له‌ هه‌موان موسته‌حه‌قتره‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی باڵا.

ئێمه‌ كه‌ داوا ده‌كه‌ین ئه‌مجاره‌ پارتی پۆستی سه‌رۆک كۆمار بگرێته‌ ده‌ست، شه‌ڕمان بۆ پله‌ و پایه‌ نییه‌ و ڕابردووش شاهیده‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز خوازیاری پله‌ و پۆست نه‌بووین به‌ڵام مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ به‌ پشتیوانیی هه‌موو لایێک وا بكه‌ین له‌مه‌ودوا ئه‌و پۆسته‌ ڕۆڵ و كاریگه‌رییێكی باشتری هه‌بێت و داكۆكیكار بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان و به‌ كه‌ڵكی میلله‌ته‌كه‌مان بێت نه‌ک بێ‌ته‌ئسیر و بێ‌سوود.

ئێمه‌ ئێستاش په‌رۆشی یه‌كرێزی و پێكه‌وه‌یین، داواشمان ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ گفتوگۆ‌كانی دوا كۆبوونه‌وه‌مان و هیواداریشین ئه‌و راگه‌یاندراوه‌ی به‌ ناوی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ هه‌ڵوێستی هه‌موو یه‌كێتی نه‌بێ.

مه‌كته‌بی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

23ی ئه‌یلوولی 2018

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38203

Your Comment

You are replying to: .
captcha