به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 23ی ئه‌یلوول شاندێكی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به به‌شداریی به‌رهه‌م ساڵح، بافڵ تاڵه‌بانی و لاهوری شێخ جه‌نگی سه‌ردانی به‌غدا ده‌که‌ن.
شانده‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به ئامانجی گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌سه‌ر كاندیدكردنی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆماری عێراق ده‌چنه به‌غدا.
ئه‌م سه‌ردانه له دوای سه‌ردانی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی دێت بۆ به‌غدا و نه‌جه‌ف و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌بادی و مالیكی و عامری و سه‌در و تاوتوێ كردنی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق و هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رۆک كۆمار و سه‌ردانه‌كه له كاتێكیشدایه له كارنامه‌ی دانیشتنی ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک كۆمار نییه كه بڕیار بوو له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ڵببژێردرێت.
ئه‌م پێشهاتانه له دوای سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی و سه‌ردانی شاندی باڵای پارتی بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كوتله و لایه‌نه عێراقییه‌كان دێت.
شایانی باسه؛ ڕۆژی شه‌ممه 22ی ئه‌یلوول شاندی باڵای پارتی له به‌غدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک له سه‌ركرده و لایه‌نی عه‌ره‌بیدا كۆ بوووه‌ته‌وه و به‌پێی ڕۆژنامه‌ی حه‌یاتیش مالیكی و عامری پشتیوانیی خۆیان بۆ كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار ده‌ربڕیوه و ئه‌مڕۆش شاندی پارتی چوووه نه‌جه‌ف و له‌گه‌ڵ سه‌دردا كۆ بوووه‌وه.
ئه‌م جموجووڵانه له دوای توندبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانه له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆک كۆمار كه هه‌ردوولایان داوای ده‌كه‌ن.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له به‌یاننامه‌یێكدا ڕه‌خنه‌ی له سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی پارتی بۆ به‌غدا گرت و به هه‌وڵێک بۆ تێكدانی یه‌كڕیزیی ماڵی كورد ناوی برد.
سه‌رچاوه: خه‌ڵک
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment