کوردی عێراق تارانی پێ باشترە تاوەکوو ئەمریکا

بەشی جیهان- کورد دەوری تایبەت دەبینێت لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێشتر کۆدەنگیی لەگەڵ ئەمریکا زۆر بوو بەڵام ئێستاکە بەهۆی کۆمەڵێک ڕووداوی اڵی ڕابردوو زیاتر بە لای تاراندا دێت و شەراکەت لەگەڵ تاران بە باشتر دەزانێت تاوەکوو لەگەڵ ئەمریکا.

کوردپرێس:

فۆرن پۆلسی یادداشتێگی پیتەر گالبرایتی بڵاو کردۆتەوە. گالبرایتی باڵوێزی پێشووتری ئەمریکا بوو لە ئەورووپا و هەروەهاش ڕاوێژاری سەرکردە کوردە عێراقییەکان بوو. ناوبراو لە یادداشتەکەیدا نووسیویەتی کوردی عێراق کە سەردەمێک بوو ئەمریکایان بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانی ئێستا بە باشتری دەزانن لەجیاتی هاوکاری کردن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و سەر بە ئەمریکی، لەگەڵ ئەو لایەنانە تەعامولیان زیاد بکەن کە لە ئێران نزیکن ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە ئەمریکا لە مەسەلەی ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولدا پشتی لە کورد کرد و 16ی ئەکتەوبریش دەبابەی ئەمریکی دژ بە کورد بەکار هێنرا و ئەمریکاش خۆی بۆ نەلەقاند.

دەقی یادداشتەکە:

هەر وەکوو ژیانی ڕۆژانەمان دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتیشدا لەگەڵ دۆستەکانمان میهرەبان بین لەبەر ئەوەی دیار نییە کەی و لە چ قۆناغێککدا پێویستمان پێیان دەبێت.مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا حەفتەی ڕابردوو پێوەندیی بە مەسعوود بارزانییەوە کرد بۆ ئەوەی پشتگیریی پڕۆژەی ئەمریکی بکات بۆ مانەوەی عەبادی لە دەسەڵات و ڕێگری کردن لە پڕۆژەی بەدیلی سیاسی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیگری دەکرێت.

ڕۆژانێک بوو وەڵامی مەسعوود بارزانی سەرۆکی گەورەترین پارتی سیاسیی عێراق بۆ ئەو داوایەی ئەمریکا بە بێ سوئال و جواب "بەڵێ" و "باشە" بوو. بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ مانگی ئەکتەوبری ڕابردوو ڕێگەی بە سەرکردە شیعە عێراقییەکان دا تانک و دەبابەی ئەمرازی ئەمریکی دژ بە کورد بەکار بهێنن. دیارە ئاساییە ئەگەر کورد ئەمڕۆکە زۆر ئیشتیای لە یارمەتیدان و کۆدەنگ بوون لە ئەو ئەمریکایە نەبێت کە وەفای نەبوو.

هەموو ئەو گۆڕانکارییە تەنها لە ماوەی چەند ساڵدا ڕووی دا. کە دەگەڕێینەوە ساڵی 2010 دەبینین کاتێک ئەمریکا داوای لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەو دەمی هەرێمی کوردستان کرد پشتگیریی مانەوەی نووری مالیکی وەکوو سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات بارزانی دەستبەجی داواکەی ئەمریکای قبووڵ کرد. (هەڵبەت دیارە چ کوردیش و چ ئەمریکییەکانیش دواتر وتیان پەشیمانن لەو مەسەلەیە). هەروەهاش کاتێک ساڵی 2014 جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا گەیشتە هەولێر و داوای لە بارزانی کرد بەرنامەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم دوا بخات کورد ملی بەو داوایەی ئەمریکاش دا بڕیاری دا ڕیفراندۆم بۆ پاش شکستی داعش دوا بخات.

کورد زیاتر لە 50 کورسیی پێیە و لەگەڵ ژمارەیێک لە کورسیی سوننەکان خاوەن پێگەیێکی بەهێزن بۆ ئەوەی بتوانن یەکلای بکەنەوە کە کێ ببێتە سەرۆکوەزیران. لە بەر ئەوەی هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایار ئەمساڵ لە نێوان دوو بلۆکی شیعیدا گەشتۆتە دۆخێکی چەقبەستوو. یەک لەو بلۆکانە لەلایەن موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەوی دیکەش بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی و هادی عامری بەڕێوە دەچێت.

چ مالیکی و چ عامرییش پێوەندیی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە. تەنانەت هادی عامری سەرکردەی حەشدی شەعبی لە شەڕی ئێران و عێراقدا بە قازانجی ئێران و دژ بە سەدام شەڕی کردووە. هاوپەیمانێتییەکەی سەدر و عەبادییش دژ بە ئێران نییە. سەدر لە 2008ەوە تاوەکوو 2011 بۆ ماوەی 4 ساڵ دوور خرابوویەوە. عەبادی ئەندامێکی حیزبی دەعوەیە و ئەگەر چی بە قەدەر عامری و مالیکی لە ئێرانەوە نزیک نییە بەڵام بەگشتی ئەو حیزبەش لەگەڵ ئێرانە. دەوڵەتی ترەمپ ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر مالیکی و عامری دەوڵەتی داهاتووی عێراق پێک بهێنن ئەوا نفووز و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق زیاتر دەبێت و سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق دەکەوێتە مەترسییەوە لەبەر ئەوەی ڕاست پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە.

لێرەدا کورد دەوری سەرەکی دەبینێت. پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی پاش هەڵبژاردن لەگەڵ ئەو حیزبە گەورەکەی تری کوردستان واتا یەکێتی، هاوپەیمانێتییان پێک هێنا. ئەو دوو حیزبە پاشان لەگەڵ گەورەترین بلۆکی سوننە واتا میحوەری وەتەنی ڕێککەوتن لە سەر ئەوەی لەگەڵ یەک بن و یەکێک لە دوو بلۆکە شیعەکە هەڵبژێرن بۆ ئەوەی کاری لەگەڵ بکەن. ئەو هاوپەیمانێتییەی کورد و سوننە بەگشتی 60 بۆ 90 کورسیی دەبێت. ئەو جیاوازییەی ڕەقەمەکەش لە بەر ئەوەیە کە مومکینە هەندێک لە ئەندامانی میحوەری وەتەنی ڕازی نەبن بێنە ئەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ کورد کراوە و بەجیا بەشداریی یەک لەو دوو بلۆکە شیعییە بکەن. کارمان بەوە نەدابێت کە سوننە چیی بە سەر دێت بەڵام بەگشتی کورد دەوری تایبەت دەبینێت لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و یەکلاکردنەوەی حکوومەتی ئایندەی ئەو وڵاتە. بۆیە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا خاوەن پێگەیێکی هەرەباشە بۆ ئەوەی بڕیار بدا کە کورد ڕوو لە کامە لایەن بکات.

کێشەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەوەیە کە مەسعوود بارزانی بڕوای وایە کە چیتر ناتوانێت متمانە بە ئەمریکا بکات.

ساڵی 2014 کورد لە سەر داوای جۆن کێری وەزیری ئەو دەمی دەرەوەی ئەمریکا ڕیفراندۆمیان دواخست ئەوەش لەو سەردەمەدا کە حکوومەتی عێراق لە ڕووخاندا بوو؛ بەڵام 2017 پاش ئەوەی داعش شکستی هێنا کورد هەلەکەی بە باش زانی بۆ ئەوەی ئاواتەکەی بێنێتە دی. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017ی دیاری کرد بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی هاوینی ئەو ساڵەدا هیچ کاردانەویێکی بەرانبەر بەو هەواڵە پیشان نەدا بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا گوشاری خستە سەر بارزانی بۆ ئەوەی گشتپرسییەکە بەڕێوە نەبات. ڕێکس تەیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوو ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم پێشنیارێکی وەکوو بەدیل ئاراستەی کورد کرد. بەدیلەکە ئەمە بوو: ئەگەر بارزانی ڕیفراندۆم دوا بخات ئەوا ئەمریکا لە ڕێگا دیپڵۆماتیکەکانەوە هەوڵ دەدا کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات و ئەگەر لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا کێشەکان چارەسەر نەبوو ئەوا واشەنتۆن بە فەرمی دان بە مافی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمدا دەنێت. بەڵام بارزانی متمانەی بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەکرد و لە لایێکی دیکەشەوە تەنها دوو ڕۆژ بە دەستەوە مابوو و ئەو مەعنەویات و حەماسەیەی لە نێو خەڵکدا دروست ببوو هیچی لەگەڵ نەدەکرا.

سەدا 93ی دەنگەکان لەگشتپرسییەکەی سەربەخۆییی کوردستاندا "بەڵێ" بوون. عەبادی بڕیاری دا سزای کورد بدات. بۆیە ئاسمانی بە سەر هەرێمدا داخست. سستەمی بانکیی داخست و گڵۆپی سەوزی پیشان دا بۆ هێرشکردنە سەر کەرکووک. کورد پاش هێرشی داعش و هەڵاتنی سوپای عێراق کەرکووکی لە بندەست داعش ئازاد کردبوو و لەوی جێگیر ببوو. عەبادی لە هێرشەکەی سەر کەرکووکیش لەجیاتی ئەوەی پشت بە سوپای ناکارامەی عێراق ببەستێت حەشدی شەعبیی کردە پێشڕەوی شەڕەکە کە گرووپێکی میلیشیای شیعەی عێراقە.

پێ دەچێت عەبادی وا بیری دەکردەوە کە هەگبەی سیاسیی خۆیی تۆکمە کردووە و وەکوو سەرکۆدەیێکی بەبڕشتی سەربازی شکستی بە داعش هێناوە و کوردیشی ئەدەب کردووە بۆیە وای دەزانی ئەمانە دەبنە گەرەنتی بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق. عەبادی تەنانەت ناوی هاوپەیمانێتییەکەی خۆی نابوو "نەسر" کە مانای سەرکەوتنی هەیە. دۆناڵد ترەمپ لە جیاتی ئەوەی پشتگیریی کورد بکات لە ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبریشدا ڕێگەی بە حەشدی شەعبی دا تانک و دەبابەی ئەمرازی ئەمریکا دژ بە کورد بەکار بهێنێت کە واشەنتۆن بە سوپای عێراقی دابوو.

هەموو ئەمانە بارزانی و کوردی تووڕە کرد و بەشی هەرە زۆری ئەو تووڕەییە ئێستاش هەر ماوە و عەبادی دەگرێتەوە. هەروەها کە سەرکردەیێکی کوردی عێراق بە منی وتووە: " مالیکی بودجەی بڕی بەڵام عەبادی هێرشی کردە سەرمان." عەبادی هەروەهاش کارتێکەریی نەرێنیی بوو لە متمانەی کورد بە واشەنتۆن. بۆیە کورد لەبری ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندیی ئەمریکا کار بکات هەوڵ دەدات لەگەڵ لایەنی سوننە تاوتوێی ئەوە بکات کە کامە بلۆکی شیعی بەشێکی زیاتر لە داواکارییەکانی قبووڵ دەکات بۆ ئەوەی مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

سوننە داوای بۆودجە بۆ نوێکردنەوەی شارە ڕووخاوەکان و کشانەوەی میلیشیا شیعییەکان لەو ناوچانە دەکات بەڵام کورد لەبەر ئەو بەڵێنانەی بەگوێرەی دەستووری عێراقی پێی دراوە لیستی داواکارییەکانی درێژترە و گرینگترین داواکارییەکانی کورد ئەمانەن: گەرەنتی دان بۆ تەرخانکردنی بەشێکی دیاریکراوی بودجەی عێراق بۆ کوردستان، دانپێدانانی عێراق بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم، ئیتفاقێکی نیشتمانی بکرێت لەسەر تەرخانکردنی بەشێکی بودجەی نیشتمانیی عێراق بۆ کورد، مافی بەڕێوەبردنی گشتپرسی لەکەرکووک بدرێت بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو ناوچە جێناکۆکە یەکلا بکرێتەوە. دادگای باڵا بەگوێرەی دەستووری عێراقی پێک بهێنرێت و کۆمەڵێک داواکاریی دیکەش.

عەبادی تا ئەم کاتەش جگە لەوەی چەند وەجبە بودجەی ناردووە هیچ کام لەو داواکارییانەی کوردی قبووڵ نەکردووە. تەداخولکردنی پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەو بارەیەوە سوودی نەبووە. کورد لە ڕابردوودا بە بێ ئەوەی بەغدا ئیمتیاز بدات داواکانی ئەمریکای قبووڵ دەکرد ڕەنگە عەبادی وا بیر بکاتەوە کە کورد ئەم جارەش بە بێ ئەوەی ئیمتیاز لە بەغدا بسێنێت مل بە داواکارییەکانی ئەمریکا دەدات. ئەگەر عەبادی ئەو ئیمتیازاتە بدات کە کورد داوای دەکات ئەوا پشتیوانیی لایەنە نەتەوەخوازەکان لە دەست دەدات. یەک لە ئەندامانی باڵای شاندی دانووستانکاری کورد بە منی وت کە برێت مەکگۆرک نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئەو بیرۆکەیەی لە نێوان عەبادی و لایەنی شیعی بڵاو کردۆتەوە و پێی وتوون ئەگەر سوننەکان ڕازی بکرێن ئەوا کوردیش ڕازی دەبێت کە بێنە ناو هاوپەیمانێتییەکەی عەبادییەوە.

سەرچاوە: فۆرن پۆڵسی

نووسەر: پیتەر گالبرایت

News Code 38080

Your Comment

You are replying to: .
captcha