بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە نووسینگەى ئایەتۆڵڵا عەلی سیستانی لە زاری سەرچاوەیێکی نزیک لە مەرجەعی باڵای ئایینیی شیعەکانی جیهانەوە ڕایگەیاند: کاندید کردنی سەرۆک وەزیران بەپێی دەستوور لە دەسەڵاتى گەورەترین کوتلەیە و ئایەتۆڵڵا عەلی سیستانی ھیچ کەسێکی ڕەت نەکردەوە و ھیچ کەسێکیشی بۆ ئەو پۆستە دیاری نەکردوە".
نووسینگەکەى ئاماژەی بەوەش کردووە " ئایەتۆڵڵا عەلی سیستانی پشتیوانیی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو ناکات ئەگەر لەو کەسانەبێت پێشتر لە دەسەڵاتدا بووبێت".
ئەوەشی خستوەتە ڕوو کە زۆرینەی خەڵکی عێراق ئومێدیان بەو کەسانە نەماوە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون بەجۆرێک بتوانن بارودۆخەکە چاک بکەن و گەندەڵی بنەبڕ بکەن".
ھەروەک ئەوەشی ڕوون کردوەتەوە ھەڵبژاردنی دەموچاوێکی نوێ کە بە شارەزایی و بوێری ناسراو بێت، دەکرێت مەرجەعیەت پەیوەندی لەگەڵ دروست بکات و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتدا ئامۆژگاری بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر سەباح ساعیدى سەرکردە لە هاوپەیمانى سائیرون ڕایگەیاندبوو کە ئایەتۆڵڵا عەلی سیستانى مەرجەعى باڵاى ئاینیى شیعەکان وتوویە ئەوان ڕەزامەند نین لەسەر ئەوەى هەریەکە لە نوورى مالیکى و حەیدەر عەبادى و هادى عامرى و فالح فەیاز و تارق نەجم، خۆیان کاندید بکەن بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکایەتى حکوومەتى داهاتووى عێراق.
شایانی باسە تا ئێستا لایەنە عێراقییەکان ڕێک نەکەوتوون لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانى داهاتووی عێراق و سەرجەم قەوارەکان کێبڕکێی ئەوە دەکەن ئەو پۆستە بە دەست بهێنن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment