موقتەدا سەدر: چیتر ستەم لە بەسرە مەکەن و سەبری ئێمەش تاقی مەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر، تووڕه‌ییی خۆی له‌ ره‌فتاره‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌رانی شاری به‌سره‌ نیشان دا و وتی: چیتر ستەم لە بەسرە مەکەن و سەبری ئێمەش تاقی مەکەنەوە

کوردپرێس:

له‌ تویته‌كه‌یدا سه‌در وتوویەتی، "ئه‌وه‌ی له‌ به‌سرەکەمان‌ روو ده‌دات كاره‌ساته‌ و ئه‌وه‌ی زیاتر منی تووڕه‌ كردووه‌ ده‌ستدرێژییه‌كانی چه‌ند ئاژاوه‌گێڕێكی ناو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌ بۆ سه‌ر خۆپیشانده‌ره‌ سته‌ملێكراوه‌كان، كه‌ جگه‌ له‌ پاروویێک نانی به‌كه‌رامه‌ت بۆ ژیانی خۆیان هیچی تریان داوا نه‌كردووه‌".

هەر لە تویتەکەیدا سه‌در جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵێک بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌سره‌ له‌ چنگی گه‌نده‌ڵی، تایفی و میلیشیاكان ده‌ربهێندرێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا سه‌در به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی گوت: "ئامۆژگاریتان ده‌كه‌م، چیتر سته‌مكاری به‌رامبه‌ر به‌سره‌ مه‌كه‌ن و سەبر و ئارامگرتنی ئێمه‌ش تاقی مه‌كه‌نه‌وه‌".

له‌لایێكی دیكه‌وه‌ به‌گوێره‌ی دوا ئاماره‌كانی قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌و شاره‌، له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران، تائێستا 7 كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ 90 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون، پێشبینیش ده‌كرێت له‌ داهاتوودا ژماره‌ی قوربانیان روو له‌ هه‌ڵكشان بكات و به‌هۆی سه‌ختی برینی هه‌ندێك له‌ برینداره‌كانیش، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ژماره‌ی كوژراوانیش زیاتر بن.

ماوه‌یێكه‌ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ژیان و ئاو و كاره‌با، شه‌قامه‌كانی شاری به‌سره‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، له‌لایێكی دیكه‌شه‌وه‌ به‌هۆی پیسبوونی ئاو و ژینگه‌، رۆژانه‌ به‌ سه‌دان كه‌س له‌و شاره‌ تووشی نه‌خۆشی مه‌ترسیدار ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ داواكارییه‌كانیان بۆ حكوومه‌ت به‌رز كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ هه‌نگاوێك به‌ره‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌دی نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ی له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی تێبینییان كردووه‌، له‌چوارچێوه‌ی چه‌ند به‌ڵێنێكی جێبه‌جێ نه‌كرا و ده‌رنه‌چووه‌.

News Code 37840

Your Comment

You are replying to: .
captcha