کوردپرێس:
لە دیدارەکەی نێوان لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی پەڕلەمانی ئێران لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئێران و شاندی یاوەری، فەریق ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران سپاسی پشتگیرییەکانی پەڕلەمانی کرد و جەختی کردەوە کە وەکوو وەزارەتی بەرگری دەبێت داکۆکی بکەن لە پێناو ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەرگریی زیاتر لە وڵاتی ئێران بۆیە وەزارەتی بەرگری هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە کەرەستەی سەربازیی نوێی و پێشکەوتوو و پیشەیی دابین بکات و دیارە وڵاتانی بیانی ئاگاداری توانای بەرگری و سەربازیی ئێران بۆیە ناوێرن باسی شەڕی سەربازی دژ بە ئێران بکەن.
وەزیری بەرگریی ئێران ئەوەشی زیاد کرد کە پێویستە سەرۆکی نوێی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەڕلەمانی ئێران ئاوڕی زیاتر لە مەسەلەی بەرگری و بودجەی سەربازی بداتەوە لە بەر ئەوەی ئێستا ئێران چەندین دوژمنی هەن کە ساڵانە بودجەیێکی نجوومی بۆ کەرتی بەرگری و سەربازی تەرخان دەکەن و پێویستە ئێرانیش ببێتە خاوەن پێشکەوتنی زیاتر لە کەرتی بەرگری و سەربازی.
ناوبراو تیشکی خستە سەر وتەکانی ڕێبەری باڵای ئێران لە بارەی توانای بەرزی پەڕلەمان و دەوری تایبەتی ئەو مەرجەعە سیاسی و دیپڵۆماسییەی وڵات و زیادی کرد ئومێد دەکەین پەڕلەمان و بەتایبەت لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی ئیرادە بنوێنن بۆ تەرخان کردنی شایستە دارایی بەرگری و سەربازی کە سەدا 5ی بودجەی گشتییە.
لای خۆشیەوە حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە نوێنەری کوردی پەڕلەمان کە سەرۆکی نوێی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەڕلەمانی ئێرانە ستایشی وەزارەتی بەرگریی کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی لە بواری مووشەکیدا مسۆگەری کردوون.
فەلاحەت پیشە ئاماژەی بە فڕۆکە نوێیەکەی ئێرانیش کرد و وتی لەو فڕۆکەیەدا 11 هەزار پارچە بەکار هێنراوە کە هەموویان بەرهەمی ناوخۆی ئێرانە و پسپۆڕانی بواری بەرگری و سەربازی بەرهەمیان هێناوە و ئەوەش دەیسەلمێنێت کە بەم زووانە دەتوانین ببینە خاوەن تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی بەرهەمهێنانی فڕۆکە.
لە دیداری ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەڕلەمان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئێران حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە تیشکی خستە سەر ئامادەییی پەڕلەمان بۆ هاوکاری کردنی زیاتر لە بواری ئەمنی و بەرگری و دووپاتی کردەوە پەڕلەمان ئامادەیە بە هەموو شێوازێک هاوکاری و ئاسانکاری بۆ وەزارەتی بەرگری بکات لەپێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکی نیشتمانیی خۆی.
Your Comment