پارتی دیموکرات: گۆڕان و سۆسیالیست دەتوانن ببنە پاڵپشتی لایه‌نه کوردییە‌کان له ‌به‌غدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وته‌بێژی رایگه‌یاند، گۆڕان و حزبی و شیوعی سۆسیالیست ئه‌گه‌ر کورسیشیان نه‌بێت، له‌ پرۆسه‌ی سیاسی کوردستان بوونیان هه‌یه‌ و ده‌بنه‌ پاڵپشتی بۆ هێز و لایه‌نه‌کان له ‌به‌غدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێکی پارتی سه‌ردانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی کرد و له‌دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ش، له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا، مه‌حموود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی رایگه‌یاند: "پێویستمان به‌وه‌یه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی له‌ناو خه‌ڵک دروستبووبوو، نه‌یهێڵین و سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بکه‌ین و نێوماڵی کوردستانی یه‌کبخه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ش گرنگیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی به‌خه‌م به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاکانی کوردستانه‌وه‌ن پشتگیری بکه‌ن، ئه‌گه‌ر لایه‌نێک کورسیشی نه‌بێت به‌ڵام هێزێکی دیاریکراوه‌ و ده‌بێته‌ پاڵپشتێکی ته‌واو بۆ پرۆسه‌ی سیاسیی، ناشهێڵین که‌لێن دروست ببێت که‌ دوژمنان ویستویانه‌ ده‌ستی خۆیان بوه‌شێنن و درز دروست بکه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌کۆی کۆبوونه‌وه‌کانی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و گۆران و سۆسیالیست مه‌حموود محه‌مه‌د وتی: "سه‌ردانی کۆی لایه‌نه‌کان ده‌کیه‌ن، سه‌ردانه‌کانیش دۆستانه‌ و بۆ رێکخستنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یه‌ له‌نێوانمان هه‌بوه‌، ره‌نگه‌ له‌کاتی بانگه‌شه‌ قسه‌ی به‌رز و نزم کرابێت، له‌دوای ئه‌م سه‌ردانه‌ش، لیژنه‌یه‌کی دیکه‌ی پارتی سه‌ردانی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ ده‌کاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی چۆن بتوانین به‌شداری له‌پرۆسه‌ی سیاسی و حوکمڕانی عێراق بکه‌ین و دیدگا و بۆچون و به‌رنامه‌کانمان یه‌کبخه‌ین، ئه‌وانه‌ی دیکه‌ ئه‌گه‌ر بکرێت یه‌کخستنه‌وه‌ی هێز و توانای خۆمانه‌ له‌به‌غدا به‌هه‌مو په‌رله‌مانتاره‌کانه‌، ئێمه‌ راسته‌ منافسی یه‌کترین به‌ڵام له‌دیدگامان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نیشتمانیه‌کان له‌به‌غدا هاوبه‌شین، پێشتر هه‌ندێک په‌رله‌مانتار بوبونه‌ دارده‌ست و ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ به‌رامبه‌ر کوردیان نه‌ده‌وت ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌یانوت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "گۆڕان و حزبی و شیوعی سۆسیالیست ئه‌گه‌ر کورسیشیان نه‌بێت، له‌پرۆسه‌ی سیاسی کوردستان بونیان هه‌یه‌ و ده‌بنه‌ پاڵپشتی بۆ هێز و لایه‌نه‌کان له‌به‌غدا، تا ئه‌و مافانه‌ی به‌ده‌ستنه‌هاتوون به‌ده‌ستبێن و ده‌ستوور جێبه‌جێ بکرێت".

سه‌باره‌ت به‌تۆمه‌تبار کردنی پێشمه‌رگه‌ به‌میلیشیا له‌لایه‌ن ره‌وتی سه‌دره‌وه‌، وته‌بێژی پارتی ئاشکرای کرد، "پێشمه‌رگه‌ میلیشیا نییه‌ و هێزێکی ده‌ستوورییه‌ که‌ هه‌مووان ده‌نگیان بۆ دراوه‌، ئه‌وه‌ی وای وتووه‌ بۆخۆی وای وتووه‌ هه‌رکه‌سێک بێت، مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌ش له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک لایه‌نی عێراقی، بۆچوون و دیدگامان بۆ حوکمڕانی باس کردوه‌ ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێک لایه‌ن نزیک بوونه‌وه‌ هه‌بووبێت، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌رێگه‌ی شاندێکه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌که‌ین، له‌سه‌ر کارنامه‌یه‌ک گفتوگۆ ده‌کرێت، کێ له‌گه‌ڵ ئه‌و کارنامه‌یه‌ نزیک بو له‌گه‌ڵیدا ده‌بین".

News Code 3716

Your Comment

You are replying to: .
captcha