بەبۆنەی سه‌رکه‌وتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان پیرۆزبایی له‌ گه‌لی عێراق ده‌کات

بەشی جیهان- ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ڕۆژی دووشه‌م 11-10-2021 سه‌رکه‌وتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی له‌ حکوومه‌ت و گه‌لی عێراق پیرۆز کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ستیڤان دۆگاریک گوته‌بێژی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ڕایگه‌یاند: گۆتێرێس ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو پیاوان و ئافره‌تانی عێراق ده‌کات به‌بۆنه‌ی چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ 10ی ئۆکتۆبه‌ر.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: به‌ هه‌وڵ و کۆششی لایه‌نه‌کانی هه‌ڵبژاردن و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان توانرا هه‌ڵبژاردنێکی پێشوه‌خته‌ی پاک و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌ بچێت وه‌ک ئه‌وه‌ی گه‌لی عێراق ده‌یویست بۆ چاکسازی و بنیادنانی داهاتوویه‌کی گه‌شتر.

گوته‌بێژی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌سه‌ر زاری گۆتێرێسه‌وه‌ راشیگه‌یاند: داوا له‌ لایانه‌ په‌یوه‌نداره‌کان ده‌که‌م پابه‌ندی ڕێز بن و ئارام بگرن به‌رامبه‌ر ئه‌و خشته‌ کاتییه‌ی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانیش دایناوه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کان و دواتریش له‌ زووترین کاتدا حکوومه‌ت پێک بهێنن.

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان جه‌ختیشی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک هاوکار و پاڵپشتی حکوومه‌تی عێراق و گه‌له‌که‌ی ده‌بن.

News Code 3653

Your Comment

You are replying to: .
captcha