کوردپرێس:
هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی زەق و کاریگەردا تێدەپەڕێت وەک کشانەوەی ئەمریکا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پرسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و مامەڵە و مونافەسە و ململانێی نێوان لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان و شتی تریش.
ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسیی کورد شەنکار عەبدوڵڵا لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردنی کورد لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و لەگەڵ دەسەڵاتە هەرێمی و جیهانییەکان بە کوردپرێسی گوت: لە ئێستا یەکڕیزیی کورد زامنی مافەکانی کوردە لە عێراق و لە ناوچەکەش. بە ڕای من هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە هەموو کاتێک تەباترە. ڕاستە ڕکابەری و ململانێ هەیە لە هەڵبژاردندا، ئەوانە شتێکی ئاسایییە. بەڵام لە ئێستادا کورد لە هەموو کاتێک یەکڕیزترە. پێویستە کورد لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی هاوسەنگی بپارێزێت و هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیێکی سیاسی، قورسایی و سەنگی خۆی بزانێت و هاوسەنگی بپارێزن لە نێوان تورکیا و ئێران و ئەمریکا و مەترسی دروست نەکات لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەوان و پەێوەندییەکی هاوسەنگ هەبێت و بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و تورکیا و ئەمریکاش.
شەنکار عەبدوڵا زیادیشی کرد: هەرێمی کوردستان تا ئێستاش هەر ئەوەی کردووە و نەچۆتە سەنگەری هیچ لایەنێکیان. ئەو وڵاتانە لە نێوان خۆیاندا ململانێی توندیان هەیە و هەر یەکە لەو وڵاتانە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ڕاکێشن، بەڵام تا ئێستا هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی باش هاوسەنگیی پاراستووە.
لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی کۆمار و هەڵبژاردنیشەوە ئەو چاودێرە سیاسییەی کورد لە هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لە 2005ەوە وەکوو عورفێکی لێهاتووە و پشکی کوردە و جۆرێک لە ململانێ لە نێوان یەکێتی و پارتی لە سەر ئەو پۆستە هەیە و بەتایبەتی لەم دواییەدا پارتی چاوێکی زیاتری خستۆتە سەر ئەو پۆستە. ئەمە شتێک نیە دانرابێت بۆ یەکێتی بەڵکوو پۆستێکە بۆ کورد دانراوە و لە ناو کوردیش کێ بتوانێت ئەو ململانێ بباتەوە پۆستی سەرۆککۆمار دەبات.
لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە شەنکار عەبدوڵا ڕوونی کردەوە: پشک و ژمارەی کورسییەکانی کورد بە پێی یاسای هەڵبژاردن تا ڕادەیەکی زۆر دیاریکراوە. هەندێک کورسی لە مووسڵ و کەرکووک و دیالە و سەلاحەدین ئەمێنێتەوە و هەندێک ململانێی لە سەرە کە کورد لەوێ چەند کورسی ئەهێنێت، بەڵام بە گشتی تا ڕادەیەکی زۆر سەنگی کورد لە بەغدا دیاریکراوە و ناتوانێت لە عێراق ببێتە هێزی یەکەم بۆیە پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە شیعی و سوننیەکان هەیە بۆ ئەوەی ئەو باڵانسە ڕابگرێ. بابەتێکی تر ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانە کە بە جۆرێک کلاسیکۆی نێوان ئەمریکا و ئێرانە. دەبێ بزانین ئەو لایەنانەی لە ئەمریکاوە نزیکن دەنگی زیاتر دەهێنن یان ئەو لایەنانەی کە لە ئێرانەوە نزیکن. تا ئێستا ڕوون نیە بەرەی کامیان بەهێزترە.
چاودێر و شۆڤەکاری سیاسیی کورد شەنکار عەبدوڵا لەبارەی پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و کاریگەریی ئەو کشانەوەیە لەسەر ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە بە کوردپرێسی گوت: ئەمریکا گرەوێکی زۆری لە سەر ئەم هەڵبژاردنە کردووە هەر وەک ئێرانیش حساب و کتابی خۆی لە سەر ئەم بابەتە کردووە.
ئەمریکا هیوای بەوەیە کە ئەگەر لایەنەکانی نزیک لەخۆی بتوانن لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتوو بن بێگومان ئەو لایەنەی دژی ئەمریکان ناتوانن ئەو دەنگە بەرزەیان هەبێ بۆ کشانەوەی ئەمریکا.
زۆربەی چاودێرانیش پێیان وایە کشانەوەی ئەمریکا شتێکی جیدی نیە و لەباشترین حاڵەتدا تەنیا لە ڕووی هێزی شەڕکەرەوە دەکشێتەوە. ئەمریکییەکان گەورەترین کونسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە و پێشتریش کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر گوتوویەتی دۆخی ئەفغانستان و عێراق زۆر جیاوازە و ئەمریکا دەمێنێتەوە لە عێراق. بۆیە ئەمریکا دەیەوێ بەسەرکەوتنی نزیکەکانی لە هەڵبژاردن، دەنگی دەرکردنی خۆی لە عێراق بەتەواوەتی کپ بکاتەوە.
تەمووزی 2023 پەیمانی لۆزان کۆتایی پێدەێت و بەڕای هەندێک لە چاودێران پاش کشانەوەی ئەمریکا و کۆتاییهاتنی پەیمانی لۆزان دوبارە ئاڵۆزی لە ناوچەکە ڕوو دەداتەوە. شەنکار عەبدوڵا لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: کشانەوەی ئەمریکا ئاڵۆزی بۆ هەموو عێراق دروست دەکات و پێم وانییە ئەو پرسە ڕاستەوخۆ زەرەری کورد بێ و لە قازانجی شیعە یان سونە بێ. پەیمانی لۆزانیش بۆ سەد ساڵ و ئەوانە نەکراوە و من باوڕم بەوە نیە. بێگومان زۆربەی دەوڵەتان لەگەڵ ئەوەن کە نەخشەی ناوچەکە وەک خۆی بمێنێتەوە. هەر چەند باس و خواسی ئەوە هەیە کە عێراق دابەش بکرێت بۆ سێ هەرێم بۆ هەر یەکە لە سونە و شیعە و کورد.
بە گشتییش بە ڕای من لە ئەمری واقیعدا ئەو سێ ناوچەیە تەقریبەن دابەش بوون، بەڵام وەک شتێکی شکڵی لە عێراقدان ئەگینا بە واقیعی ئەو سێ ناوچە سێ دنیابینی و پێوەندیی جیاوازیان هەیە لەگەڵ دۆستەکانیان. پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە لایەنەکان بیر لە ئارامیی ناوچەکە و پاراستنی عێراقییەکان و ڕاگرتنی خوێن ڕشتن بکەنەوە و عێراق بکرێت بە سێ هەرێم و بە ڕای من ئەمە واقیعیترین ڕوانگەیە بۆ عێراق.
*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی
Your Comment