ڕێبوار کەریم: پێگەی کورد لە بەغدا پێگەیێکی مەعنەوییە و تەنها پێوەندیی بە ژمارەی کورسییەوە نیە/ هەوڵی تیرۆرکردن و دەرمانخواردکردنمان دراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێبوار کەریم لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس گوتی لەم هەڵبژاردنەشدا بە ئەگەری زۆرەوە کورد هەمان ڕێژەی 50 بۆ 60 کورسی دەهێنێتەوە بەڵام پێگەی کورد لە بەغدا تەنها پێوەندیی بە ژمارەی کورسییەوە نیە بەڵکوو کورد خاوەنی پێگەیێکی مەعنەوییە لە بەغدا.

کوردپرێس:

ڕێبوار کەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و پێگەی کورد لە بەغدا و ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی داهاتوودا بە کوردپرێسی گوت: پێگەی کورد لە بەغدا پێگەیێکی مەعنەوییە و پێوەندیی بە ژمارەی کورسییەوە نیە. ژمارەی کورسییەکانی کورد لە بەغدا بە گوێرەی ئەو نیزامەی دانراوە ئاشکرایە. ژمارەکە لە نێوان 50 بۆ 60 کورسی دەبێت. ئێستەش ئێمە لە بەغدا 59 کورسیمان هەیە. بۆیە شتێکی غەریب ناگۆڕێت و لەوانەیە نەگاتە زیاتر لە 65 کورسی. ئەوە بەو مانایە دەبێت کە بەگوێرەی تەوزیعی کورسییەکان کورد ئەو ژمارە کورسییە دەهێنێتەوە. بەڵام پێگەی کورد پێوەندیی بە نەوعی بەکارهێنانی کورسییەکانەوە هەیە. بە بڕوای من دەبێت ئەو پێگەیە لە خزمەتی خەڵک و جەماوەری کوردستاندا بێت نەک لە خزمەتی حیزب و بەرژەوەندیی کۆمپانیا و کەسەکاندا بێت.

دروشمێکی سەرەکیی زۆرینەی هێزە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق دروشمی یەکڕیزی و یەکدەنگییە. پرسیاری ئەوە لە ڕێبوار کەریم کرا کە ئایا بە ڕاستی کار بۆ ئەو یەکڕیزییە کراوە و دەکرێت؟. ڕێبوار کەریم لە وەڵامدا بە کوردپرێسی گوت: بە قەناعەتی من دەبێت یەکڕیزی لە سەر بنەمای خزمەت کردنی خەڵک بێت. نوێنەرانی کورد کاتێک لە بەغدا ڕێزیان لێدەگیرێت کە لە پێناو میلەتدا داوای ماف بکەن. بەڵام ئەو یەکڕیزییەی بۆ وەرگرتنی وەزارات و مەناسب و تەندەر و عەقد و گرێبەستی بازرگانی بێت من نایکەم و تێیدا نیم چوونکە ئەوە بۆ خزمەتی میلەت نیە.

پێشتر ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی گوتبوو هەواڵگریی عێراقی ئاگاداری کردوونەتەوە کە هەوڵی دەرمانخواردکردنی ئەندامانی هاوپەیمانێتیی هیوا دراوە بەڵام چوونکە بەڵگەی ڕوون لە بەردەستدا نەبووە پەنایان نەبردۆتە دادگا. ڕێبوار کەریم وەک ئەندامێکی ئەو هاوپەیمانێتییە لەبارەی ئەو بابەتەوە بە کوردپرێسی گوت: ئێمە هەموو جۆرەکانی تەرهیب و تەرغیبمان بەرامبەر بەکار هێنراوە. واتە هەڕەشە، ترساندن، چاوسوورکردنەوە نامە ناردن و تەلەفون کردن تا گەیشتە ئەوەی پێنچ پەرلەمانتار لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن موخابەراتی عەراقییەوە ئاگادار کراینەوە کە هەوڵێک هەیە بۆ تیرۆرکردنمان. دوای ماوەیێک دەرمانخواردکردنمان. ئەمە بە ڕەسمی بە ئێمە ڕاگەیێندراوە و دواتریش بینیتان کە هێرش کرایە سەر یەکێک لە پەرلەمانتارەکان. کەی پەنایان بردە بەر ئەو شێوازە؟ ئەو کاتە کە زانییان هەموو شێوازەکانی کڕین و هەوڵدان بە پارە و خستنە بەردەم و ئەو شتانە سوودیان نەبوو ئەو جا دەستیان کرد بە هەڕەشەکردن. ئێمە بەردەوام لە لایەن حیزبی باڵادەستەوە هەڕەشەمان لێکراوە و ئاستەنگی ئەمنیمان بۆ دروست کراوە و هەموو جارێکیش لایەنە پێوەندیدارەکانمان لێ ئاگادار کردۆتەوە بەڵام ئێمە هەوڵەکانمان ئەوە بووە کە شتەکە گەورە نەکەین لەبەر ئەوەی نەبێتە بابەتێکی شەخسی.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کاریگەریی وڵاتانی هەرێمی و جیهانی لە سەر شێوازی مامەڵەکردنی لایەنی دەسەڵات لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی هەرێم بە کوردپرێسی گوت: بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بە هەموو لایێکەوە کە مەبەستیانە وڵاتێکی سەقامگیرمان هەبێ پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکەن کە یەکێک لە پایەکانی سەقامگیری بریتییە لە ڕێز گرتن لە ئازادی و جیاوازییەکان. دەبێت کاتێک پشتگیریی ئەم دەسەڵاتە بکەن کە دەسەڵات ڕێگر نەبێت لە ئازادی و ڕاجیاوازی. ئێستا لە کوردستان لە دەڤەری بادینان و ناوچەکانی تریش ژمارەیێک هاووڵاتی لە زیندانن تەنها لەبەر ئەوەی داوایان کردووە نانەکەی خۆیان وەربگرن و مووچەی خۆیان وەربگرن. داواکردنی حەق شەش ساڵ دەیانکاتە زیندانەوە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەم بابەتەدا بێدەنگ نەبێت.

ڕێبوار کەریم لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەڕەشەیان لە سەر بووە و لەبارەی کاندیدبوونیان لە هەڵبژاردنەکەی ئەم خولەی پەرلەمانیشەوە بە کوردپرێسی گوت: "لەم هەڵبژاردنەشدا بە دەیان شێوە پێمان گوتراوە کە لێتان قبووڵ ناکەین ئەگەر دەرچن و ئەگەر کارەکانتان بە هێرش کردن لە سەر ئەو لایەن و گرووپانە بێت. ئیغرائاتیش کراوە و هەوڵی کڕینمان دراوە بەڵام ئێمە هەر ڕێگەیان پێنادەین قسەی لەو بابەتە بکەن چوونکە ئێمە لەو کەسانە نین کە بیانەوێت نرخمان لە سەر دابنێن و مامەڵەمان پێوە بکەن. بە داخەوە خەڵکی تر هەبوو لە ئوپوزسیۆنیش بوو مامەڵەی کرد بەڵام ئێمە نەمانکردووە و نایکەین."

News Code 3408

Your Comment

You are replying to: .
captcha