هەولێر: حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ که‌رکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێم ده‌یه‌وێت هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکووک بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌شێکی ئارام و سه‌قامگیر به‌ر له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان دابین بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووتیار عادل وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکووک ئاشکرای کرد، "ئێمه‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی و ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق هێزی پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، چوونکه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت دۆخی که‌رکووک ئاسایی بکاته‌وه‌ به‌تایبه‌تی که‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پێویستی به‌ ره‌خساندنی که‌شێکی ئارام و سه‌قامگیر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی که‌رکووک بتوانن به‌شداری بکه‌ن و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت.

جووتیار عادل باسی له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا کرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و هیواشی خواست، هه‌ماهه‌نگیه‌کا بگاته‌ ئاستی به‌رزتر.

وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێم لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر وتی: هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌کات و بڕیاری پێویست ده‌درێت به‌ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی کۆتایی و له‌ئێستاشدا لێکۆڵینه‌وه‌کان به‌رده‌وامن.

ناوبراو وتیشی، "ئه‌گه‌ر ئه‌نجامێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ به‌ده‌ست بێت، ئه‌وا حکوومه‌تی هه‌رێم بڕیاری پێویست له‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ ده‌دات".

جووتیار عادل ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان خزمه‌ت به‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌ و جیهان ده‌کات، حکوومه‌تی هه‌رێمیش سیاسه‌تێکی ژیرانه‌ په‌یڕه‌و ده‌کات بۆ پاراستنی سه‌قامگیریی ئاسایش و به‌رده‌وام بوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌ ئاستی ناوچه‌ و جیهان".

News Code 3385

Your Comment

You are replying to: .
captcha