بەرهەم ساڵح و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تیرۆریزمیان تاوتوێ کرد

سه‌رۆک کۆماری عێراق، له‌میانه‌ی پێشوازی کردنی له‌ جۆزێف بۆرێل، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تیرۆریزم و کەم کردنەوەی گرژییەکانیان تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆماری پێشوازیی کرد له‌ جۆزێف بۆرێل، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، له ‌دیدارەکەدا باس له ‌په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کانی نێوان عێراق و یه‌کێتی ئه‌ورووپا کرا و جه‌خت کرایه‌وه‌ له ‌گرنگیی پته‌و کردن و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌بواره‌ جیاجیاکاندا، هه‌روه‌ها به‌گرنگییه‌وه‌ ئاماژه‌ کرا به‌ پێشکه‌ش کردنی پشتیوانی یه‌کێتییی ئه‌ورووپا به‌ عێراق، به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌کانی سیاسه‌ت و ئاسایش و هاوکارییه‌ مرۆییه‌کان و ئابووری و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاییه‌کان و دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی عێراق.

هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاند، عێراق په‌رۆشی پته‌و کردنی په‌یوه‌ندییه‌کانییه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌ورووپا بۆ سوود وه‌رگرت له‌ ئه‌زموونی ئه‌ورووپا له‌بواره‌ جۆراوجۆره‌کاندا، هاوکات ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی به‌هێز کردنی هاریکاریه‌کان کرد، له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و که‌م کردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌کانی ناوچه‌که‌ و کۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانه‌کان و هێنانه‌کایه‌وه‌ی ئاشتی و پته‌و کردنی هه‌ماهه‌نگیی ئابووری و بازرگانی، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه‌ پێویسته‌ زامنی ئاسایش و ئارامی عێراق بکرێت.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌ختی کرده‌وه‌ له‌ گرنگیی به‌هێزکردنی هه‌ماهه‌نگیی نێوان عێراق و یه‌کێتیی ئه‌ورووپا به‌ئاڕاسته‌ی ریشه‌کێش کردنی تیرۆر له‌ سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌که‌دا، هه‌روه‌ها دووپاتی کرده‌وه‌ له‌پێویستی پشتیوانی کردن له‌گه‌شه‌پێدانی ئابووری و یارمه‌تیدانی عێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ تاڵانبراوه‌کان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پێشکه‌ش کردنی هاوکاری بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی گۆڕانی که‌شوهه‌وا و پاراستنی ژینگه‌، چوونکه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاسته‌نگی گه‌وره‌ن که‌ رووبه‌ڕووی عێراق و ناوچه‌که‌ و جیهان بووه‌ته‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ جۆزێف بۆرێل، جه‌ختی له‌ پابه‌ندبوونی یه‌کێتی ئه‌ورووپا کرده‌وه‌ بۆ پشتگیری و یارمه‌تیدانی عێراق له‌بواره‌ جیاجیاکاندا و پشتیوانی له‌ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ریی عێراق، هه‌روه‌ها پێشکه‌وتنه‌کانی عێراقی به‌رز نرخاند، به‌تایبه‌تی له‌رووی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ هاوسه‌نگه‌کانی له‌پێناو که‌م کردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌کانی ناوچه‌که‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3304

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha