بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی لەبارەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی حیزبەکەیەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی کراوە و ڕای جیا هەیە، دوا بڕیار لای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیە، بەڵام هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی یەکێتین."
ڕزگار حاجی حەمە، پێیوایە یەکێتی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە، جەخت لەسەرئەوەش دەکاتەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، هەموویان پێکەوە بەشداردەبن و هەوڵی سەرخستنی لیستی حیزبەکەیان دەدەن.
ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئاماژەی بەوەش کرد حیزبەکەی ئامادەکاریی تەواوی بۆ هەڵبژاردن کردووە و هەموو دام و دەزگاکانیان بەسەر میحوەرەکاندا دابەشبوون، وتی"هەوڵ بۆ ئەوەیە یەکێتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت."
ناوبراو جەختیشی کردەوە "یەکێتی هێزێکی کاریگەرە و خاوەنی 23 هەزار شەهیدە، تەنها خۆشیان نین، بەڵکوو لەگەڵ گۆڕان پێکەوەن، بۆیە کورسی زیاتریش بەدەست دەهێنن."
بەرپرسەکەی یەکێتی، ڕەتیشی کردەوە دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بن، وەکوو یەکێتی، وتی: "یەکێتی داکۆکی لەوە دەکات، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێت و لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی بێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment