کوردپرێس:
بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکى یەکێتى و لەگەڵ هانس ئاکربووم کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ یان تین هۆڤ ڕاوێژکاری سەربازیی لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە دیدارێکدا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردوە دەربارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی و دۆخی ناوخۆی یەکێتیی بە تایبەتی و هاوسەرۆکى یەکێتى دەلێت" دەبێت کێشەکانی ناوخۆی حزبەکەمان بە ڕێکاری یاسایی و حزبی و بە پێی پەیڕەو و پرۆگرام و لە ڕێگەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە چارەسەر بکرێن نەک بە خۆسەپاندن و خواستی کەسی".
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراوەتەوە، هاوسەرۆکى یەکێتى ڕوونی کردەوە کە سیناریۆ و چیرۆکی داتاشراون دەبیستن و دەبێت یاسا سەروەر بێت و لە دادگا یەکلایی بکرێنەوە کە بەوتەى خۆی ناکرێت چیتر بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆز، تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ناو یەکێتیی بکرێت.
لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند"هەرگیز دژی چاکسازیی نەبووین، ڕێبازی مام فێری کردووین کە خیانەت لە گەل و نیشتمانەکەمان نەکەین، کۆنگرەمان کردووە و حزبەکەمان لە لێواری لەناوچوون پاراست و گەڕاندمانەوە بۆ سەر شاڕێی سیاسیی خۆی، کاتێک بەرەو هەڵبژاردن دەچووین و سەرقاڵی سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستانی بووین ئەم کارەساتە بەسەر حزبەکەماندا هات".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکى یەکێتى ئەوەى خستووەتە ڕوو کە ئەوەی ڕوودەدات بە ناوی چاکسازییەوە گەیشتنە بە هەندێک مەرامی تایبەتی بە ڕێگایەکی ناشەرعی و لە دەرەوەی یاسا و پەیڕەوی حزبی.
هاوکات لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت، بەردەوامی هەڕەشەکان لەسەر ئەزموونەکەمان دەخوازێت کە زیاتر گرنگی بە هێزی پێشمەرگە بدرێت. هەردوولا هاوڕا بووین لەسەر بەردەوامیی هەنگاوەکان بۆ یهكخستنی پێشمهرگه، تا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی هێزێكی دامەزراوی نیزامیی مهشقپێكراوی نیشتمانی کە بەرگری له بهها باڵا كوردستانییهكان بکات.
لە کۆتایشدا هاوسەرۆکى یەکێتى جەختیکردەوە کە نابێت هێزە چەکدارەکان بۆ یهكلاكردنهوهی بابهتی سیاسی و كۆنتڕۆڵكردنی دهسهڵات بەکاربهێنرێن.
Your Comment