بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت حزب خزمەتکاربێت نەک باربێت بەسەر شانی خەڵکەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە هانس ئاکیربوم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان و لەدیدارێکدا ئاماژەی بەوەکرد ئەوانە وەک یەکێتی نوێ دەیانەوێت حزب خزمەتکاربێت نەک باربێت بەسەر شانی خەڵکەوە.


کوردپرێس:

بەگوێرەی راگەیەنراوێک کە ڕۆژی چوارشەممە 11ی ئابی 2021 بڵاو کرایەوە، فاڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی پێشوازی کردنی لە كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان لەدیدارێكدا دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عێراق تاوتوێكران و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی، ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازییەوە كرا.

بافڵ تاڵەبانی هەڵوێست و ستراتیژی یەكێتی رونكردەوە و رایگەیاند، ئامانجی ئێمە یەكڕیزی كورد و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان.

تاڵەبانی وتووشیەتی،" کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و یەکخستنی ناو ماڵی کوردە. هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانمان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمە لە بەغدا، هێزە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق یەکهەڵوێست بن، تاوەکو هەمومان پێکەوە کوردستانێکی بەهێز و ئارام بونیادبنێین و هاوڵاتییانمان ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان هەبێت. دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستانیش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەر لەوپێناوەدا بوە، دەمانەوێت یاسا سەروەربێت و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی ببینەوە. قاچاخچێتی، دەستخستنە بینەقاقای بازرگانان بنبڕ بکەین و رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگرین."

لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردودا لەناوخۆی یەكێتی ئەنجامدراون هاوسەرۆك وتی، هەمو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردودا رویانداوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و گەڕاندنەوەی شكۆ بوە بۆ یاسا. دورخستنەوەی ئەو كەسانە بوە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون. حزبیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاردەهێنا و لە رێبازی پیرۆزی مام لایاندابو. ئێمە دەمانەوێت حزب خزمەتكار بێت نەوەك بار بەسەر شانی خەڵكەوە.

یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە یەكێك بو لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكە و بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، یەكێتی لەگەڵ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانییە كە پارێزگاری لەبەرژەوەندییە نەتەوەییەكان بكات. بۆ ئەمەش یەكێتی ئامادەی هەمو پشتیوانییەكە.

لەبەرامبەر هاریکاری و هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا، جەخت لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاترکرایەوە لەبوارەکانی ئابوری و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ. كونسوڵی هۆڵەندا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ خەڵك دوپاتكردەوە و رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەقامگیرین بۆ خەڵک. چاکسازی رێڕەوەی خۆی وەرگرێت و ئاسایش بەرقەراربێت.

News Code 3047

Your Comment

You are replying to: .
captcha