ئاسایشی ھه‌رێم: دوو سه‌ركرده‌ی داعش و تاقمێكی تیرۆریستی له‌سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستگیركران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئاسایشی سلێمانی به‌ھاوكاری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی شاره‌زور، دوو سه‌ركرده‌ی داعش و تاقمێكی تیرۆریستیان له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستگیركردوه‌، كه‌ له‌ ھه‌وڵی خۆڕێكخستندا بوون بۆ تێكدانی ئارامیی ھه‌رێم و ژیانی خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنی مه‌رام و پیلانه‌كانی داعش.

کوردپرێس:

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەھاوكاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دوو سەركردەی داعش و تاقمێكی تیرۆریستی لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەستگیردەكەن كە وەك شانەی نەنستو لەسنوری ھەرێم خۆیان حەشاردابوو كە لە ھەوڵی خۆڕێكخستندابوون بۆ تێكدانی ئارامی ھەرێم و ژیانی خەڵك و جێبەجێكردنی مەرام و پیلانەكانی داعش .

له‌ به‌شێكی تری راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون سەرەداو دەست كەوت لەسەر بوونی تاقمێكی نەنستوی داعش كە پیلانیان داناوە خۆیان رێكبخەن و ئامادەبكرێن بۆ چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە .

ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، بەبڕیار و سەرپەرشتی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ئاسایشی سلێمانی لێكۆڵینەوەی دەستپێكرد و دوای یەك مانگ بەدواداچوونی ورد و دەستخستنی زانیاری و بەڵگە و دیاریكردنی شوێن و مانەوەی تیرۆریستان و چاودێریكردنیان پاش ڕەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی بەبڕیاری سەرۆكی دەزگا شەوی ( ٢٧/٢٨) ٧ / ٢٠٢١ جوڵە بەھێزەكانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی شارەزوور كراو لە پارێزگای ھەڵەبجە لە چوار ئۆپراسیۆنی گەورە و ھەڵمەتی ھاوكاتدا ھەر چوار تیرۆریست ( ع ، ح ) و ( ل ، ج ) و ( ز ، ح ) و ( ع ، ح ، ع ) دەستگیركران كە دوانیان سەركردەی داعش بوون و بەشداری و سەرپەرشتی چەندین تاوانیان كردووە .

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، لەلایێكی ترەوە لەئۆپراسیۆنێكی تردا لە سلێمانی ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی تیرۆریست (س .ع ) دەستگیركرد و لەبارەی ئەم كەیسە ئەمنییەوە لێكۆڵینەوەی ورد دەستیپێكردوە و دەركەوت تیرۆریستە دەستگیراوەكان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواكراو بوون و چەكداری داعش بوون لەویلایەتی باشوور و بەشداربوونە لەچەندین تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و لەچەند شارێكی عێراق و ھەرێم خۆیان رێكخستووە و مەرامیان بووە چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن .

لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێكۆڵینەوە زانیارییەكان ھێڵرانەوە و لەداھاتوودا لەو بارەیەوە وردەكاری زیاتر بۆ رایگشتی دەخەینەڕوو .

ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێم له‌ كۆتاییدا جه‌ختیكردۆته‌وه‌، بەھەماھەنگی و ھاوكاری ھێزەكانی پێشمەرگە و دژەتیرۆرو ھێزەكانی ناوخۆ لەھەوڵی بەردەوامدادەبین بۆ پاراستنی ھەرێمەكەمان و سەرووماڵی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

News Code 2900

Your Comment

You are replying to: .
captcha