راگەیێندراوی هاوبەشی گەڕی چوارەمی دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا/ هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق  تا کۆتایی 2021 نامێنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوی گەڕی چوارەمی دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بڵاوکردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس دەقی راگەیێندراوەکەی گەڕی چوارەمی دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەم شێوەیە:

هەریەک لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندی هەردوو وڵاتی کۆماری عێراق و ئەمریکایان لە کۆبوونەوەی گەڕی چوارەم و کۆتایی دانوستاندنی ستراتیژییان کرد کە لە رۆژی 11ی حوزەیرانی 2020 وەکوو بەشێک لە رێککەوتننامەی ستراتیژیی ساڵی 2008 بۆ پەیوەندیی دۆستایەتی و هاوئاهەنگیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری عێراق دەستیانپێکرد، شاندەکەی عێراق نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدابوو.

هەردوولایەن جەختیان لە بایەخی ئەو گفتوگۆیانە کردەوە کە سەرنجیان لەسەر پتەوکردنی هاوبەشیی ستراتیژیی درێژ مەودایە کە رێککەوتننامەی ستراتیژیی دیاری کردووە، هەروەها دۆسیە سەرەکییەکانی جێ بایەخی هەردوولا وەکوو سەقامگیریی هەرێمی و تەندروستیی گشتی و گۆڕانی کەشوهەوا و توانستی وزە و پرسە پەیوەستەکان بە یارمەتییە مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤ، هەروەها هاوئاهەنگی ئابووری و رۆشنبیری و خوێندن و بابەتی دیکەش، عێراق راگەیێندراوێکی درێژی لەبارەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پتەو کردنی گەڕانەوەی ئاسایش و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان خستەڕوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بەڵێنی دا بە بەردەوامیی هەوڵەکانی لەو پێناوەدا.

هەردوو شاندەکە جەختیان لەسەر ئەو پرنسیپانە کردەوە کە لە رێککەوتننامەی ستراتیژی هاتوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرلەنوێ رێزگرتنی خۆی بۆ سەروەریی عێراق و یاسا عێراقییەکان دووپات کردەوە و بەڵێنی بە بەردەوامیی ئەو یارمەتییانە دا کە عێراق بۆ پاراستنی یەکێتیی خاکەکی پێویستی پێیانە.

حکوومەتی عێراق سەرلەنوێ پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بە پاراستنی ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی؛ ئەوانەی راوێژ و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان دەدەن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کاریان کردووە و هەردوو شاندەکە دووپاتیان کردەوە کە ئەو بنکانەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان تێدایە بنکەی عێراقین و بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن و بنکەی سەربازیی ئەمریکا یان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نین؛ بوونی ئەو هێزانە لە عێراق تەنیا بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی عێراقن لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

شاندی هەردوو وڵات رێککەوتن دوای وتووێژەکانی تیمە تەکنیکییەکانی نێوانی ئەم دواییە، پەیوەندییە ئەمنییەکان بەتەواوەتی دەبنە راوێژکاری و راهێنان و هاوئاهەنگیی هەواڵگری و هیچ بوونێکی هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق بە هاتنی رۆژی 31/12/2021 نامێنێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت پاڵپشتی خۆی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دووپاتبکاتەوە، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە لەپێناو بونیادنانی هێزەکانی لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکان.

هەردوو شاندەکە پابەندبوونی خۆیان دووپات کردەوە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە بنەڕەتییەکان، لەوانەش ئازادی رۆژنامەوانی، ئەوەش لە رێگەی پابەندبوونی تەواوەتییان بە رێکارە یاساییەکان و گەرەنتی دەستووری عێراق، کە رێز لە نەریت و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت.

هەردوولا دووپاتیانکردەوە کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد پشتیوانی دەکات لە سەروەریی عێراق و دیموکراسی و گەشەپێدانی. لایەنی عێراقی بە دوورودرێژی پلانی خۆی خستەڕوو، کە ئامانجەکەی گەرەنتیکردنی سەلامەتیی دەنگدەر و بەربژێر و ئەو کارمەندانانەیە کە لە ناوەندەکانی دەنگدان کاردەکەن لەگەڵ چاودێرانی نێوخۆیی، گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێرانی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی بەشداریی دەنگدەران. هەردوو شاند ستایشی خۆیان بۆ ئەو پشتیوانییانە دەربڕی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشکێشیان دەکات، وەکو لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (2546ی ساڵی 2021) هاتووە. هەروەک هەردوو شاند رێککەوتن لەسەر بوونی تیمی چاودێریی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری کردنی عێراق و نێردەی چاودێری سەر بە یەکێتی ئەوروپا، کە خۆی لە هەوڵێکی راستگۆیانە دەنوێنێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە پشتوانی کردنی داواکارییەکانی حکوومەتی عێراق و گەلی عێراقی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا.

عێراق پێشوازی دەکات لە پشتوانییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاوکاری کردنی عێراق - یونامی؛ بەشداریی کردنی دارایی ئەو دواییانە کە ئەمریکا پێشکێشی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە، وەک هاوکارییێکی پەیوەست بە هەڵبژاردن. لەگەڵ ئەو بەشدارییەی پێشکێشی تیمی چاودێرانی هەڵبژاردنی کردووە.

هەردوولایەن رێککەوتن کە هاوکارییەکانیان بەردەوام بن لە کارکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە رێگەی دامەزراوە حکومییە پەیوەندارەکان لە هەردوو وڵاتدا، لەوانەش لەژێر رۆشنایی ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانکاری کەشوهەوای لە خولی بیست و شەشەمیندا کە لە پایزی داهاتوودا لە گلاسکۆی لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی بۆ هەوڵەکانی عێراق دەربڕی بۆ بەهێزکردنی چاکسازیی ئابووریی و تەواوکاریی هەرێمیی لەوانەش؛ لە رێگەی پابەندبوون بە تۆڕەکانی وزەی هەرێمی لەگەڵ ئوردن و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.

هەردوو شاند جەختیان کردەوە لە پارێزگارکردن و بەهێزکردنی پەیوەندی ستراتیژی نێوانیان لە سەرجەم پرسە دوو قۆڵییەکاندا بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانیی هەردوو وڵات دەکات لەگەڵ بەرژەوەندیی هاوبەش، کە خۆی لە سەقامگیریی هەرێمیدا دەبینێتەوە. عێراق و ئەمریکا دووپاتیانکردەوە کە گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەنەوە لە رێگەی لیژنەی هاوئاهەنگی سەر بە رێککەوتنی ستراتیژیی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2873

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha