بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە دیداری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆکان لەبارەی کۆی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەکرێت، لە نێویشیاندا لەبارەی نەهێشتنی هیچ بنکەیێکی سەربازی ئەمریکی لە وڵاتدا.
ئەوەشی خستەڕوو، گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان لە بارەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق کۆتا گەڕدەبێت و تیایدا رێککەوتن لەبارەی خشتەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری خاکی عێراقدا واژۆ دەکرێت.
فواد حسێن، باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی عێراقدا جێگیرکراون و هیچ بنکەیێکی سەربازییان نییە وەک ئەوەی باسیان لێوەدەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا باش لە دۆخی عێراق تێدەگات و تەواو جیاوازە لە تێگەیشتنی ئیدارەی پێشووپتر. وتیشی، دوای کۆتایی هاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیجی، هەردوو وڵات دەگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ساڵی ٢٠٠٨.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک و بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەمەبەستی ئامادەکاری کردن بۆ بەڕیوەچوونی گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتدا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment