لە کۆبوونەوەی لووتکەی چوار لایەنە ناڕازییەکەدا بڕیاری پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن درا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای پێنج کاژێر کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان کەسی یەکەمی هەر چوار لایەنە ناڕازییەکە (گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی و کۆمەڵ) بە راگەیێندراوێک دواقسەی خۆیان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی عێراق و، کار و هەڵوێستی داهاتوویان کرد.

کوردپرێس:

لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی و کۆمەڵ جارێکی دیکە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان رەت کردەوە و بڕیاریان دا لە دادگای فیدراڵی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەنجامەکان تۆمار بکەنەوە.

ئەو چوار لایەنە بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بەر لە هەڵبژاردن هاوکاری یەکدی دەبن و دوای هەڵبژاردنیش هاوپەیمانێتی پێکدەهێنن.

بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەکە گوتی "راگەیێندراوەکە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا و بەرنامەیێکی نیشتمانی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە تێدایە. هەڵوێستێکی روون و ئاشکرایە لەسەر دوائەنجامە راگەیێندراوەکان لە هەژمارکردنەوەی بەشێکی کەم لە سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم وڵاتەی ئێمە تووشی کۆمەڵێک قەیرانی گەورە بووە و پێویستی بە دەستپێشخەریی نیشتمانی هەیە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان".

پەنجەی تۆمەتی لایەنە ناڕازییەکان، بەتایبەت لە سلێمانی و کەرکووک، پێشتر روو لە یەکێتی بوو، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، یەکێتی بێباکانە دەڵێت "هەر کەس گلەییی هەیە بەرۆکی ئێمە بەربدات و بچێتە دادگا سکاڵا تۆمار بکات".

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "دەرکەوت سکاڵاکانی ئەو لایەنانە لەجێی خۆی نییە. لەمەودوا ئەو لایەنانە ئەگەر سکاڵایەکیان هەیە بچن لە دادگای فیدراڵی تۆماری بکەن و بەرۆکی یەکێتی و هیچ لایەنێکی سیاسی نەگرن".

راگەیاندنی دوا ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی عێراق لایەنە ناڕازییەکانی لەو هاوکێشە سیاسییەی بەر لە هەڵبژاردن دەیانویست بەدڵی ئەوان دابڕێژرێت، بێهیواکرد. بۆیە ئێستا ئەوەی بەدەستیانەوە ماوە هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستانە کە سەنگ و قورساییی خۆیانی تێدا پیشان بدەن.

News Code 27275

Your Comment

You are replying to: .
captcha