نێچیرڤان بارزانی و كونسووڵی نوێی ئه‌ڵمانیا کۆ بوونه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و کونسووڵی نوێی ئه‌ڵمانیا کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ خاتوو باربارا كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركی نوێیدا بۆ خواست.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه 8ی ئابی 2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خاتوو باربارا وۆلڤ كونسووڵی گشتیی نوێی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا دڵشاد بارزانی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ڵمانیا ئاماده‌ی بوو، خاتوو باربارا سوپاسی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و ئاسانكارییه‌كان له‌ كار و چالاكییه‌كانی و جه‌ختی له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیا كرده‌وه‌ و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌ مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و هاندانی كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كانى بۆ سه‌رمایه‌گوزاری كردن له‌ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ خاتوو باربارا كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركی نوێیدا بۆ خواست و سوپاسی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ هاوكارییه‌ مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ پرۆسه‌ی ڕیفۆرمی‌ وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی خواست.

نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی خۆی و داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ كار و چالاكییه‌كانی نیشان دا و جه‌ختیشى له ‌پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌.

تاوتوێ كردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاته‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: Kurdistan TV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27212

Your Comment

You are replying to: .
captcha