ئەمریکا بەنیازە عەبادی بەردەوام بێت لە پۆستەکەی و سەردانەکەی بارزانیش پشتگیری کردنی ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شوان ڕابەر گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و تێیدا ئامانجی نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەی خۆی بۆ بەغدا و دیدار لەگەڵ حەیدەر عەبادی دەخاتە ڕوو.

کوردپرێس:

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەمە 30ی تەمووز لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدار و گفتوگۆی کرد.

بارزانی پاش دیدارەکەی لەگەڵ عەبادی، لە پرێس کونفڕانسێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی لەگەڵ عەبادی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بوو و لە بارەی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو پۆستەوە لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا بارزانی ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڤیتۆی لە سەر هیچ شەخس یان لایەنێکی سیاسی نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی لەم قۆناغەدا کە ڕاگۆڕینەوە و ڕکابەریی حیزبە براوەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق بەتایبەتی لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشتۆتە زیاترین ئاستی خۆی وا دەکات خوێندنەوەی جۆربەجۆر لە مەبەستەکانی ئەو دیدارە بکرێت.

شوان ڕابەر ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وتووە: سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پاش ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان دێت و بۆ ئەو ڕیفراندۆمەش پارتی زیاتر سوور بوو لە سەر ئەنجامدانی و گوتی ژیان لەگەڵ عێراق نەماوە و سەربەخۆییی خۆمان ڕادەگەیێنین و دەبینە دوو دەوڵەتی دراوسێ.

ڕابەر زیادی کرد: ئەگەرچی هەندێک لە وڵاتانیش حکوومەتی هەرێمیان ئاگادار کردەوە کە ئێستا کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە و نەتیجەی خراپی دەبێت، وێڕای ئەوەی هەندێک هێزی ناوخۆییش هەمان تێبینیی هەبوو بەڵام گوێیان لە کەس نەگرت و ڕیفراندۆمیان ئەنجام دا. دەرەنجام نیوەی خاکی هەرێمیان لەدەست دا؛ ئەوەش بووە مایەی تێکچوونی شیرازە و پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا. دواتریش کورد (پارتی) زۆر هاواری کرد کە ئامادەی هەموو شتێکین با پێوەندیمان چاک ببێتەوە بەڵام بەغدا ڕازی نەبوو. ئێستا دوای ئەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕیفراندۆمی هەڵپەساردووە پێوەندییەکان باشتر بووە و لەگەڵ بەڕێز عەبادی کۆ دەبێتەوە.

شوان ڕابەر لەبارەی مەبەستەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی 6 خاڵی خستە ڕوو کە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چاک بکاتەوە.

بۆ ئەوەی نیازپاکی و ئامادەباشی خۆی پیشان بدات کە دەمانوەی لەگەڵ بەغدا بین و کێشەکان بە دیالۆگ و بە دەستوور چارەسەر بکرێن و ئەو ڕەوتەی ڕابردوو کۆتایی پێ بهێنین.

بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەی چارەسەرکەری کێشەکان.

بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە شیعەکان بکەن و باس لە چۆنیەتیی تەشکیلی حکوومەتی داهاتووی عێراق بکەن.

بۆ ئەوەی پاڵپشتیی نیازی ئەمریکا بکەن بۆ ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت حەیدەر عەبادی بەردەوام بێت لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

News Code 27134

Your Comment

You are replying to: .
captcha