کوردپرێس:
حەفتەنامەی نیوزڤیکی وتارێکی دەرکردووە و تێیدا بە توندی ڕەخنە ئەردۆغان دەگرێت و سیاسەتی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بەرانبەر بە کوردی تورکیا و سووریا بە بێ­بەزەییانە و بە مەبەستی پاکتاوی ڕەگەزی دەزانێت و بە کوودەتای دووهەمی تورکیا دەشوبهێنێت.
لە وتارەکەدا نووسراوە: ساڵی 2013 ئەردۆغان بەڵێنی دا کورد و فەرهەنگ و زمانی کورد بەفەرمی بناسێت و دانی پێدا بنێت، بەڵام پاش شکانی ئاگربڕی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، سوپای تورکیا هەموو ئامێر و چەکێکی قورسی بۆ سەرکوت­کردنی کورد بەکار هێنا و ئەوەش بووە هۆی گیان­لەدەستدانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی 335 هەزار هاووڵاتیی کورد کە تورکیا پێی دەوتین "تورکی کێوی"!.
جاناتان و ئالبرت واکتل لە وتارەکەدا نووسیویانە تورکیا و بەتایبەت ئەردۆغان دەوریان بینیوە لە سەرهەڵدانی داعش و بڕوایان وایە داعش ناڕاستەوخۆ یارمەتیی لە تورکیا وەرگرتووە بۆ ئەوەی دزە بکاتە کۆبانی و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بۆ ئەوەی کورد تەفروتوونا بکات.
بەبڕوای ئەو دوو چاودێرە سیاسییە ئەمریکاش خەتابارە لەوەی ئەردۆغان چاوی لە کوردی تورکیا و سووریا سوور کردۆتەوە لە بەر ئەوەی ئەمریکا پشتیگریی کوردی نەکرد لە هەرێمی کوردستان و ئەوەش وای کرد ئەردۆغان بێشەرمتر بێت بەرانبەر بە کورد و هێرش بکاتە سەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرین و ببێتە هۆی ئاوارە کردن و چاوترساندن و کوشتنی هەزاران هاووڵاتیی کوردی سووریا.
ئەو دوو نووسەرەی وتارەکە دەشڵێن: ئەردۆغان دەستی کردووە بە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردنشینەکان بۆ ئەوەی کورد لەو ناوچانەدا کەمترین ڕێژەی هەبێت.
بەبڕوای ئەو دوو نووسەرە ئەگەر بەر بە ئەردۆغان نەگیرێت دوور نییە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدێکی هاوشێوەی ئەرمەنییەکان بەدەست ئەردۆغان ڕوو بدات و ئەردۆغان هەوڵ دەدات قەناعەت بە ئەمرکیا بهێنێت کورد مەنبەج چۆڵ بکات بۆ ئەوەی دیموگرافیای ئەو شارەش بگڕێت و کورد لەو شارانەدا ببێتە کەمینە.
Your Comment