ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ که‌یسی ئێزدییه‌کان ده‌کۆڵێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی به‌ جینۆساید ناساندنی که‌یسی ئێزدییان ده‌ڵێت: ئێستا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌ بڕیارێک لیژنه‌یێکی تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پێکهێناوه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی پارێزه‌رێکی به‌ڕیتانیایی و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش به‌ هه‌نگاوێکی باشی له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌ و هاوکاری زۆری ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌بێ.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حوسێن قاسم حه‌سوون ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌ جینۆسایدناساندنی که‌یسی ئێزدییان که‌ شاره‌زای تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیشه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی لیژنه‌یێکی پێکهێناوه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ که‌یسی ئێزدییان و هه‌موو هه‌وڵێک به‌رده‌وامن بۆ به‌ جینۆسایدناساندنی دۆسیه‌ی ئیزدییان و ئه‌و دۆسیه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌ لایه‌ن کۆنگرێس و په‌رله‌مانه‌ وڵاته‌ جیاوازه‌کان به‌ جینۆساید ناسێنراوه‌ که‌چی تا ئێستا له‌ ڕووی یاساوه‌ دادگا‌ی لاهه‌ بڕیاری بۆ نه‌داوه‌ و ئه‌مه‌ش کێشه‌یێکی یاسایییه‌ نه‌ک سیاسی."

ناوبراو ده‌شڵێت: ''ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ین ئه‌م پرسه‌ له‌ ڕووی یاسایییه‌وه‌ به‌ جینۆساید بناسرێت به‌ڵام کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ عێراق ئه‌ندام نییه‌ له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی و هاوکاریش ناکات ئه‌م دادگایه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م تاوانه‌دا بکات."

حه‌سوون ئاماژه‌یشی دا: تا ئێستا عێراق زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ نییه‌ چوونکه‌ ئه‌مه‌ تاوانێکی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و جگه‌ له‌مه‌ش عێراق تا ئێستا ئه‌م تاوانه‌ به‌ تاوانێکی تیرۆری ناو ده‌بات و ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یێکی گه‌وره‌یه‌.

له‌ ٣ ئابی 2014 تیرۆریستانی داعش ده‌ستیان به‌ سه‌ر شنگال و ناوچه‌ ئێزدینشینه‌كان گرت كه‌ زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌سی كوشت و زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زاری‌تریش ڕفێنڕان به‌ تایبه‌تی له‌ ناویاندا كچ، ژن و منداڵ زۆر بوون كه‌ دواتر كڕین و فرۆشتنیان پێكرا و تا ئێستاش سێ هه‌زار و 102 كه‌سی ئێزدی به‌ تایبه‌ت كچ و ژن ڕزگار نه‌كراون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27060

Your Comment

You are replying to: .
captcha