کوردپرێس:
لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شانگهای دەستەواژەی "کوردستان" لە سەر تابڵۆکانی بانگەشە و ناساندنی فیلمی جیران (دراوسێ) سڕدرایەوە.
ئاژانسی هەواڵی مێزۆپتامیا ڕایگەیاند فستیڤاڵی فیلمی شانگهای دەروازەکانی خۆی بە ڕووی سینەماکاراندا کردۆتەوە ئەوەش لە کاتێکدا بە سانسۆرکردنی ناوی کوردستان بانگەشەکانی بۆ فیلمەکان دەست پێکردووە.
فیلمی دراوسێ "جیران" بەرهەمی مانۆ خەلیل فیلمسازی کورد بەشداریی ئەو فستیڤاڵەی کردبوو. لە کاتێکدا لە ماڵپەڕەکەیدا کوردستان/نەمسا وەکوو شوێنی وێنەهەڵگرتنەکانی ئەو فیلمە ناسێندرابوو لە تابلۆکانی بانگەشەدا ناوی "کوردستان" سڕدراوەتەوە.
مانۆ خەلیل فیلمسازی کوردی خەڵکی قامیشلۆی سووریایە کە تا ئێستا خەڵاتی زۆری لە فستیڤاڵی فیلم وەرگرتووە. فیلمی جیرانی ئەو هونەرمەندە لە فستیڤاڵی فیلمی شانگهای بەشدار بووە. فیلمی جیران ژانری درامایە و بەسەرهاتی منداڵێکی شادە کە لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتدا دەژی. مانۆ خەلیل لەو فیلمەدا دەپرسێت کە ئەوین و دۆستایەتی چەندە دەتوانێت لە سەردەمی دیکتاتۆریەتدا بێتە دی.
Your Comment