٢٦ تەمووز ٢٠٢٦ - ١٠:١٠

ژمارەی قوربانیانی رووداوێکی هاتووچۆ لە سووریا بەرز بوویەوە

۳۵ کەس گیانیان لەدەست دا و ۳۰ کەسیش بریندار
ژمارەی قوربانیانی رووداوێکی هاتووچۆ لە سووریا بەرز بوویەوە

وەزارەتی تەندروستی سووریا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو پاس لەسەر رێگای دێرەزوور – دیمەشق، ٣٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی ٢٥ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی سوریادا هاتووە: "رووداوەکە لەسەر ئەو رێگایە روویداوە کە دێرەزوور و دیمەشق بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لە ناوچەی نێوان هەردوو شاری سوخنە و تەدمور، رووداوەکە لە نێوان پاسێکی گواستنەوەی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسێکی مەدەنیدا بووە".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی فریاکەوتن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی پێکدادانەکە و دەستیان بە گواستنەوەی بریندارەکان و دەرهێنانی تەرمی قوربانییەکان کردووە.

وەزارەتی تەندروستی سووریا باسی لەوەشکردوە کە  تیمەکانی رزگارکردن بەردەوامن لە دەرهێنانی تەرمە سووتاوەکان لە ناو یەکێک لە پاسەکاندا و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی رزگارکردن، ئاماری نوێکراوە بڵاوبکرێتەوە.

رێگای دێرەزوور - دیمەشق لە ناوخۆی وڵاتدا بە رێگای مردن ناسراوە، ئەمەش بەهۆی زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ساڵانی رابردوودا؛ چوونکە رێگاکە تەسکە و تەنیا یەک سایدی چوون و هاتنی هەیە بێ ئەوەی هیچ بەربەستێک لە نێوانیاندا هەبێت، جگە لە بوونی چاڵ و درز و داڕمانی ژێرخانی رێگاکە.

News ID 227622

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha