مەكتەبی سیاسیی پارتی: پەكەكە خاكەكەمان بە داگیركردن دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە ڕووداوەكەی چیای مەتینا رایگەیاندووە، سەركردەكانی پەكەكە بە پێچەوانەی چاوەروانیی خەڵكی كوردستان و بانگەشەكانی خۆیانەوە، ئەمڕۆ نەك هەر ڕەچاوی هەلومەرجی هەستیاری هەرێمی كوردستان و گوزەرانی خەڵكەكەی ناكەن، بەڵكو بوونەتە جێبەجێكاری ئەجیندا‌ی دەرەكی و بیانوویەكی حازربەدەست بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی.

کوردپرێس:

لە راگەیەنراوێكدا مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە: پەكەكە هیچ كاتێك ڕێزی لە سەروەریی هەرێمی كوردستان نەگرتووە و ئیعتباری بۆ حكوومەتی هەرێم كوردستان و دامەزراوەكانی دانەناوە و هیچ حسێبێكی بۆ یاساكان نەكردووە، بە پێچەوانەوە دانبەخۆداگرتنی حكوومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی بە خراپترین شێوە قۆستۆتەوە.

باسی لەوەش كردووە: پەكەكە بە مەبەست و دەستی ئەنقەست شەڕی لەگەڵ توركیا گواستۆتەوە نێو خاكی هەرێمی كوردستان و بەپیلانێكی دانراو شەڕ دەكات و ناوچەكان بۆ سوپای توركیا بەجێ دەهێڵێت، تا خاكەكەمان بە داگیركردن بدات و فشارەكانی سەر هەرێمی كوردستان زێدەتر بكات.

لەكۆتاییشدا رایگەیاندووە: لەسەر هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێویست دەكات، بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی، رووبەڕووی ئەو پیلانە گەورەیە ببنەوە كە سەرانی پەكەكە جێبەجێكارین. هاوكات لەسەر حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقیش پێویستە رۆڵ و ئەركی خۆی بگێڕێت.

دەقی ڕاگەیاندراوی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

حزب و لایەنە سیاسیەكان

وا جارێكی دیكە و لە درێژەی سیاسەتە شەڕنگێزەكانی سێ دەیەی ڕابردوویاندا، دیسان چەكدارانی پەكەكە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرانی گومانباری قەندیل، دەستیان چووە خوێنی پێشمەرگەی كوردستان و لەهێرشێكی لەناكاودا لە چیای مەتینی ناو خاكی ھەرێمی كوردستان پەلاماری هێزێكی پێشمەرگەیان دا، لە ئەنجامی ئەو پەلامارەدا پێنج پێشمەرگە شەهید و حەفتی دیكەش بریندار بوون.

خەڵكی ئازیزی كوردستان..

ئێمە بە حوكمی تەجرەبەی زۆرمان لەگەڵ پەكەكە و سەرانیان، باش لە مەبەست و مەرامەكانی پەكەكە تێدەگەین و ئەوەشمان زۆر جاران بە ڕاشكاوی پێڕاگەیاندوون كە ئەوەی چەكدارەكانیان ساڵانیكە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن، تەنیا لە بەرژەوەندیی نەیارانی گەلی كوردستان و ئەو لایەنانەیە كە نەك خۆشیان بۆ خەڵكی كوردستان ناوێت، بگرە لە دووی فورسەتێكن بۆ لەنیوبردنی، كەچی بەداخەوە، سەرانی پەكەكە، بە پێچەوانەی چاوەروانیی خەڵكی كوردستان و بانگەشەكانی خۆیانەوە ئەمڕۆ، نەك هەر ڕەچاوی هەلومەرجی هەستیاری هەرێمی كوردستان و گوزەرانی خەڵكەكەی ناكەن، بەڵكو بوونەتە جێبەجێكاری ئەجیندا‌ی دەرەكی و بیانوویەكی حازربەدەست بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی تا هەر كاتێك و لە هەر جێیەك بیانەوێت سنوورەكان و سەروەری هەرێمی كوردستان ببەزێنن و فشارێكی ناوەختەی زۆر بخەنە سەر هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی باش دەرك بەوە دەكەن كە هەر زەبرێك بەر هەرێمی كوردستان بكەوێت، دەبێتە كارەساتێكی گەورە بۆ تێكڕای كوردستانیان و كورد لە هەر كوێیەك بن.

جیا لە شەڕفرۆشتنی بەردەوام و ڕاكێشانی سوپای دەرەوە و گێچەڵەكانیان بە هەرێمی كوردستان، سەران و چەكدارانی پەكەكە لەو ڕۆژەوەی هەڵاتوون و هاتوونەتە نێو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، لە جیاتی ئەوەی وەك پەنابەر و میوان هەڵسوكەوت بكەن، نەك وەك خانەخوێش بگرە وەك داگیركەر مامەڵە لەتەك گوندنشینان و جووتیارانی كوردستاندا دەكەن، منداڵانی كوردستان دەڕفێنن و مەشقی سەربازیان پێدەكەن و چەكداریان دەكەن. بەدرێژایی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە خانەقینەوە تا شنگال، پەكەكە، دۆست و هاوپەیمانی ئەو هێز و تاقم و میلیشیایانەیە كە دژایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەن و ناوەناوە هەولێر مووشەكباران دەكەن..هەر بە هاوكاریی ئەوانیش، بوونەتە ڕێگری یەكەم و هەرە گەورەی بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال و ئاوادەنكردنەوەی دەڤەرەكە و گەڕانەوەی خەڵكە ماڵوێرانەكەی بۆ زێد و سەر ماڵوموڵكی خۆیان.

پاش راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، گوندنشینە راگوێزراوەكان بە دەستی رژێمی بەعس، بە حەماسەت و چاو لە داهاتوەیەكی گەش، گەڕانەوە گوندەكانی خۆیان، بەڵام پەكەكە بووە هۆی دووبارە دەربەدەربوونەوەی گوندنشینانی سەدان گوندی ناوچە سنوورییەكان. پەكەكە، هەر بەوەندەوە نەوەستاوە كە بەناهەق باج و سەرانە لە جووتیارانی كوردستان وەربگرێت، بەڵكو بە بەرنامه،‌ هەوڵی تێكدانی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان دەدات.

لە ساڵی ٢٠١٤، كاتێ داعش پەلاماری كوردستانی دا، پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەكان بەرەو بەرەكانی شەڕی دژی داعش چوون، پەكەكەش ئەو بارودۆخەی قۆستەوە، بەرە بەرە چووە ناو گوندەكان، كاتێك پێشمەرگە بەسەر داعشدا سەركەوت و فشار و مەترسیی داعشی تا ئاستێكی بەرچاو لە كوردستان دوورخستەوە، گەڕایەوە شوێنەكانی خۆی لە ناوچە سنوورییەكان، كەچی پەكەكە خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێ، پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانیش بە بێگانە! بۆیە زووزوو ڕووقایمانە ڕایدەگەنێت كە نابێت پێشمەرگە بچنە ئەو ناوچانەی ئەوان ڕۆژگاری سەرقاڵی پێشمەرگە بە شەڕی داعشەوە داگیریان كردوون.

پەكەكە هیچ كاتێك ڕێزی لە سەروەریی هەرێمی كوردستان نەگرتووە و ئیعتباری بۆ حكوومەتی هەرێم كوردستان و دامەزراوەكانی دانەناوە و هیچ حسێبێكی بۆ یاساكان نەكردووە، بە پێچەوانەوە دانبەخۆداگرتنی حكوومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی بە خراپترین شێوە قۆستۆتەوە.

پەكەكە بە مەبەست و دەستی ئەنقەست شەڕی لەگەڵ توركیا گواستۆتەوە نێو خاكی هەرێمی كوردستان و بەپیلانێكی دانراو شەڕ دەكات و ناوچەكان بۆ سوپای توركیا بەجێ دەهێڵێت، تا خاكەكەمان بە داگیركردن بدات و فشارەكانی سەر هەرێمی كوردستان زێدەتر بكات.

ئەو دەستدرێژییەی دوێنێی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە، دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی خاك و سەروەریی و خەڵكی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە لەسەر هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێویسته دەكات، بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی، رووبەڕووی ئەو پیلانە گەورەیە ببنەوە كە سەرانی پەكەكە جێبەجێكارین. هاوكات لەسەر حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقیش پێویستە رۆڵ و ئەركی خۆی بگێڕێت.

سەروەری بۆ شەھیدان و، بەرز و پارێزراوبێ ئەزموونی ھەرێمی كوردستان...

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

٦ـی ٦ـی ٢٠٢١

News Code 2275

Your Comment

You are replying to: .
captcha