پۆلیسی هەولێر دەستگیر کردنی خورشید هەرکی و براکەی، ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، هێزەکانیان بەپێی فەرمانی دادوەر توانیویانە هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف) دەستگیر بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هاتووە؛ ئەم دوو تۆمەتبارە لە ماوەی رابردوودا لە قەزای خەبات ببوونە هۆکاری دروستکردنی ئاژاوە و چەندین تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە، دیارترینیان شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک و سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە بووە.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، ناوبراوان دەستیان هەبووە لە دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی هاووڵاتیان و هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیری، هەروەها بەردەوام رێگرییان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە حکوومییەکان کردووە و هەڕەشەی تێکدانی ژێرخانی ئابوورییان لە ناوچەکەدا کردووە. دەستگیرکردنی ئەم دوو کەسە دوای ئەوە هات کە چەندین سکاڵای یاسایی لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە دژیان تۆمارکرابوو، بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا لەسەر کۆی تاوانەکانیان رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

پۆلیسی هەولێر دڵنیایی دەداتە سەرجەم هاووڵاتیان، پاراستنی سەر و ماڵیان ئەرکی سەرەکی ئەوانە و یاسا لە سەرووی هەمووانەوەیە، هەروەها جەخت دەکەنەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هیچ تاوانبار و ئاژاوەگێڕێک نادرێت ئاسایش و ئارامیی وڵات تێکبدات.

News ID 227495

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha