بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە پێشەنگایەتی دەم پارتی و دەبەپە، بە مەبەستی داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و لەژێر دروشمی "بە ڕێبەرایەتیی ئازاد بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" لە ئامەد گردبوونەوەی ئازادی بەڕێوەچوو. جگە لە خەڵکی ئامەد، بە هەزاران کەس لە شارەکانی دەوروبەریشەوە ڕوویان لە گۆڕەپانەکە کردبوو.
هاوسەرۆکی دەبەپە دوای وتارەکەی چیدەم کڵچگون لە سکرتاریەتی ئیمرالی وەیسی ئاکتاش قسەی کرد. ئاکتاش سەرەتا یادی هونەرمەندی کۆچکردوو قادر ئینانری کردەوە و وتی ئەو سۆسیالیستێکی گەورە بوو و هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە.
وەیسی ئاکتاش لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ڕێبەری گەلی کورد شکۆی ئێمەیە، دواڕۆژی ئێمەیە. ئەو دەنگانەی دەیانوت کورد نییە، با سەیری ئەم گۆڕەپانە بکەن. ڕێبەر ئاپۆ هیوای ئێمەیە، تەلارسازی ئاشتی، یەکسانی و ئازادییە. بەهێزبوونی گەلان چارەسەری سیاسییە. ڕێبەر ئاپۆ کارەکتەری سەرەکیی ئاشتییە. گرنگیی بەڕێز ئۆجالان لەوەدایە کە ئەو نوێنەرایەتی گەل و بەرخۆدان دەکات."
ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستاش گۆشەگیری بەردەوامە و وتی: "ئەم گۆشەگیرییە لە دژی گەلان بەڕێوە دەچێت. چونکە ڕێبەرێتیی وەک لایەنی بەردەنگ دیاری کراوە و دەبێت ئازاد بکرێت. ڕێبەرێتییەکی ئازاد، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازاد دەکات، هەر بۆیەش گۆشەگیرییەکەی درێژە پێ دەدەن و نایانەوێت ئازاد بێت."
ئاکتاش وتیشی: "ئامەد ئەمڕۆ ڕاپەڕیوە و دەڵێت بەڕێبەرێتییەکی ئازاد بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک؛ یان ئازادی یان ئازادی. ڕێبەرێتییەکی ئازاد ڕزگارکەری گەلانە. گۆشەگیری بە واتای داخستنی ڕێگەی سیاسییە. ئاشتی ناسنامەیە و ڕێزگرتنە لە ئیرادەی گەل. ئەم بانگەوازە، بانگەوازی ملیۆنان کەسە. گەلی ئامەد، لێتان دەپرسم ئایا گۆشەگیری قبوڵ دەکەن؟ نەخێر، ئێمە قبوڵی ناکەین. چارەسەری تەنیا لە دانوستان و ئازادیدایە."
لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی کردەوە: "داواکاری ئێمە ئاشتییەکی سەربەرزانەیە. هەندێک کەس دەیانەوێت بارودۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەمە بە واتای چۆکدادان دێت و ئێمە قبووڵی ناکەین. پەشیمانی ئاشتی ناهێنێت بەڵکوو کۆیلایەتی بەرهەم دەهێنێت. دەبێت هەمووان بزانن کە ئەم گەلە بڕوای بە ئاشتی هەیە و چۆک دانادات. با هەمووان بزانن ڕێگە نادەین ئاشتی ببێتە تەسلیمبوون. وتەکانم بە وتەیەکی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی پێ دەهێنم: 'ئەی ژیان، یان بە ئازادی دەتبەمەسەر یان هەر ناژیم'."
دوای وتارەکەی وەیسی ئاکتاش، هونەرمەند قادر چات چووە سەر تەختەی شانۆ و بە گۆرانییەکانی جۆشوخرۆشی بە جەماوەرەکە بەخشی و وتی: "تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، زمان، کولتوور و کوردستان ئازاد نابن." جەماوەر لەگەڵ گۆرانییەکانی قادر چات هەڵپەڕین و دروشمی جۆراوجۆریان وتەوە.
Your Comment