کوردپرێس: بەپێی ئەو هەواڵەی کە فەرمانداریی تایبەتی شارستانی سەقز لە پۆرتالی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە؛ لە پێناو جێبەجێکردنی ستراتیژیی خەباتی بڕیاردەرانە و بێوچان دژ بە گەندەڵی ئابووری و کارگێڕی، وە بە ئامانجی پاککردنەوەی ژینگەی زیان بەخش لە بەڕێوەبردنی شاردا، قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی لێدان لە تۆڕی پێشێلکارییە داراییەکان لە شارستانی سەقز دەستی پێکرد.
بەپێی هەواڵەکە، لەم کارە هاوئاهەنگەدا، دەزگا هەواڵگری و دادوەرییەکان، ١٢ کەسی دیکە لە هۆکارانی تێوەگلاو لەم دۆسیەیەدا کە پێکهاتوون لە ٤ فەرمانبەری شارەوانی سەقز و ٨ کەسی دیکە (لە دەرەوەی شارەوانی)، دەستبەسەر کردووە.
ئەم دەستگیرکردنانە لە بەردەوامی دوو قۆناغی ئۆپەراسیۆنی پێشوودا هاتوون، کە لەو قۆناغانەشدا ٢ ئەندامی ئەنجومەنی شار و ٢ فەرمانبەری شارەوانی لەگەڵ کۆمەڵێک تۆمەتباری دیکەدا دەستبەسەر کرابوون؛ لەو نێوەندەشدا ٤ کەسیان دوای بڕینی قۆناغە یاساییەکان و دابینکردنی بارمتەی کاتی ئازاد کراون و یەک کەسیشیان هێشتا لە دەستبەسەریدایە.
لە هەواڵەکەدا جەخت لەسەر ئیرادەی جیدی دەزگا چاودێری و حاکمییەکان کراوەتەوە بۆ پاراستنی ڕەهای ماڵی گشتی (بیت المال) و مافە گشتییەکانی هاووڵاتیان، و ڕوون کراوەتەوە: "ڕووبەڕووبوونەوەی خراپ بەکارهێنانی پێکهاتەیی و تەندروستکردنی کەشی بەڕێوەبردنی شار، لە ئەولەویەتە نەگۆڕەکانی دامەزراوە چاودێری و دادوەرییەکانە".
ئاشکراکردن، بەدواداچوون و سزادانی توندی دۆسیەکانی گەندەڵی ئابووری و پێشێلکاری کارگێڕی بە جیدیەت و بێ چاوپۆشی لە کارنامەکەدایە؛ لێکۆڵینەوە تەکنیکی و هەواڵگرییەکانیش تا ڕوونکردنەوەی ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم دۆسیەیە و ناسینی سەرجەم سەرچاوەکانی گەندەڵی بە هێزەوە بەردەوام دەبێت. بەپێی ڕێبازی نوێی دژە گەندەڵی، ڕەوتی لێکۆڵینەوە تەنها بە دەستبەسەرکراوانی ئێستاوە سنووردار نابێت و لە ئەگەری سەلماندنی هەر جۆرە سەرپێچییەک یان کەمتەرخەمییەک، کەسانی دیکەش لە بەش و فەرمانگە پەیوەندیدارەکاندا ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
Your Comment