قازانج و زیانەکانی کورد لە ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق

سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیتالیا لە شیکارییەکی نوێیدا، ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزە کوردییەکانی بە سازشێکی یەکسان نەزانێت، بەڵکوو وەک ئەنجامی گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی دیمەشق وەسف دەکات و هۆشداری دەدات کە پرۆژەی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە باکووری سووریا بەرەو داڕمان دەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم وتارە پرۆسەی تێکەڵکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیدا بە بەرهەمی سەقامگیربوونی حکوومەتی ڕاگوزەری دیمەشق دەزانێت. تەوەری سەرەکیی شیکارییەکە ئەوەیە کە کوردی سووریا، دوای ساڵانێک پشت بەستن بە پشتیوانیی ئەمریکا و شەڕی دژ بە داعش، ئێستا لە دۆخێکدان کە دەبێت لە نێوان "پاراستنی بەشێک لە ئامادەییان لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا" یان "لەدەستدانی تەواوەتیی دەستکەوتە سیاسییەکانیان"، یەکێکیان هەڵبژێرن.

نووسەری بابەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی، گۆڕانی پێگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بوو. بەپێی وتارەکە، کاتێک حکوومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، توانی لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بێتە دەرەوە و سزاکانی سووک بکرێن، بایەخی ستراتیژیی دیمەشق بۆ واشنتۆن زیاتر بوو لە "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا". ئەم گۆڕانکارییەش بە کردەیی پشتیوانیی سیاسی و ئەمنیی کوردی لاواز کرد و بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا چیتر ئەو هاندەرە کۆنە نەبێت بۆ پاراستنی ئەکتەرێکی چەکداری نادەوڵەتی وەک "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)".

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە "هەسەدە" پێش ڕێککەوتنی کۆتایی، نزیکەی ٨٠٪ی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر کۆنتڕۆڵیدا بوون لەدەستی دابوون؛ بەشێکی گرنگی ئەم پاشەکشەیەش بەهۆی دابەزینی ژمارەی هێزەکان و دوورکەوتنەوەی پێکهاتەی عەرەب بوو لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کوردی. لە دۆخێکی وەهادا، کوردەکان بەبێ گەرەنتیی ئەمریکا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییان لە دژ دیمەشق نەبوو، بۆیە ناچار بوون مەرجگەلێک قبووڵ بکەن کە پێشتر لە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٥ دژی دەوەستانەوە.

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی وتارەکە، "ئەمنیکردنی پرسی کورد"ە. نووسەر ڕوونی دەکاتەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە بنەڕەتدا پرۆژەیەکی سیاسی-ئایدیۆلۆژی بوو لەسەر بنەمای تیۆرییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە و چەمکی "خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی شۆرایی" بونیاد نرابوو؛ پرۆژەیەک کە جەختی لەسەر ئەنجومەنە ناوخۆییەکان، بەشداریی خەڵک لە خوارەوە بۆ سەرەوە و ئابووریی هەرەوەزی دەکردەوە. بەڵام بە کردار، ڕۆژاوا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی کورد، ئەم پرۆژەیەیان تەنها لە گۆشەنیگای سەربازی و شەڕی داعشەوە دەبینی. هەر بۆیە لە دانوستانەکانیشدا لەگەڵ دیمەشق، نوێنەرە سیاسییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پەراوێزخران و فەرماندە سەربازییەکانی هەسەدە، بەتایبەت مەزڵووم کۆبانی، بوونە میحوەری سەرەکیی گفتوگۆکان.

بە بڕوای "گیلیا فابریزی"، نووسەری وتارەکە، ئەم تێڕوانینە ئەمنییە بووە هۆی ئەوەی باسی داهاتووی سیاسی و یاسایی خۆبەڕێوەبەریی کوردی بخرێتە پەراوێزەوە و دانوستانەکان تەنها کورت بکرێنەوە لە دۆسیەی چەکداماڵین و تێکەڵکردنی سەربازیدا. وتارەکە ئەم دۆخە بە "حەوانەوە و لەناوچوونی قۆناغ بە قۆناغی پرۆژەی ڕۆژاوا لەناو بێدەنگیدا" ناو دەبات.

لە بەشێکی دیکەدا، وتارەکە وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی پێکهاتەیی بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە:

نزیکەی ۵۰ هەزار فەرمانبەر و هێزی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەچنە ناو سیستمی مووچەی حکوومەتی سووریاوە؛

چوار لیوای سەربازیی کوردی لە چوارچێوەی سوپای سووریادا کار دەکەن؛

هێزەکانی حکوومەت ئامادەیی خۆیان لە حەسەکە، قامیشلۆ و کۆبانی بەرفراوانتر کردووە؛ و بازگەکانی نێوان ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دیمەشق و ناوچەکانی پێشووی خۆبەڕێوەبەری بەپێی کات لادەبرێن.

سەرڕای ئەمانەش، وتارەکە جەخت دەکاتەوە کە دیمەشق چەند ئیمتیازێکی سیمبۆلی و سنوورداریشی داوە؛ لەوانە:

پێدانی ڕەگەزنامە بە هەزاران کوردی بێناسنامە،

ناساندنی زمانی کوردی وەک "زمانێکی نیشتمانی"،

ڕێگەدان بە خوێندن بە زمانی کوردی، و بەفەرمیکردنی جەژنی نەورۆز لەسەر ئاستی نیشتمانی.

بەڵام نووسەر پێی وایە ئەم دەستکەوتانە هێشتا بە مانای قبوڵکردنی ڕاستەقینەی فرەیی نەتەوەیی و سیاسی نایەت لە سووریادا. بەتایبەت کە زۆرێک لەو کەسایەتییانەی لەلایەن هەسەدەوە بۆ پۆستە حکومییەکان پێشنیار کرابوون ڕەتکرانەوە و پشکی کورد لە پەرلەمانی نوێدا زۆر کەم مایەوە.

هەروەها وتارەکە ئاماژە بە درز و جیاوازیی ناوخۆیی لە کۆمەڵگەی کوردی سووریادا دەکات. بەپێی ئەم شیکارییە، بەشێک لە ڕای گشتیی کورد پێیان وایە سەرکردایەتیی هەسەدە نەیتوانی لە کاتی گونجاودا ڕێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ دیمەشق بەدەست بهێنێت و ئێستا بە کردەیی خۆسەرییان گۆڕیوەتەوە بە تێکەڵبوون لە دەوڵەتێکی ناوەندیدا.

لەسەر ئاستی ناوچەیی، وتارەکە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئەم پرۆسەیە بە دانوستانە نوێیەکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زەق دەکاتەوە. لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە، دۆسیەی کوردی سووریا و پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە دوو بابەتی لێکجیاواز نین. هەر بۆیە، تورکیا پشتگیری لە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەناو پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندیی سووریادا دەکات، چونکە ئەمە وەک بەشێک لە بەربەست لەبەردەم هەژموونی پەکەکە لەسەر سنوورە باشوورییەکانی خۆی دەبینێت.

لە کۆتاییدا، پوختەی وتارەکە ئەوەیە کە پرۆژەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی لە سووریا، کە سەردەمێک وەک یەکێک لە بوێرانەترین نموونەکانی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر دەکرا، ئێستا چووەتە قۆناغێکەوە کە مانەوە لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی سووریای پێ باشترە لە پاراستنی سەربەخۆیی کردەیی؛ هەڵبژاردنێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەشداریی فەرمیی زیاتری کورد لە حکوومەتدا، بەڵام هاوکات کۆتاییهاتنی قۆناغ بە قۆناغی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرییەکەیان تۆمار دەکات.

 

سەرچاوە: ئینستیتیوتی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکانی ئیتالیا (IAI)

News ID 227323

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha