بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گواستنەوەی "لیوای قامیشلۆ" کە لە نزیکەی ۱۳۰۰ شەڕڤانی پێشووی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێکهاتووە بۆ سەربازگەی "ئەلنەبەک" لە دەوروبەری دیمەشق، تەنها جێگۆڕکێیەکی مەشقیی ئاسایی نییە؛ بەڵکوو هەڵگری چەندین پەیامی گرنگی سیاسی، سەربازی و سیمبۆلییە دەربارەی داهاتووی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە پێکهاتەی نوێی سووریادا.
عەقڵانیترین شرۆڤە بۆ ئەم هەنگاوە، هەوڵی دیمەشقە بۆ جێگیرکردنی مۆدێلی "سوپای ناوەندی". حکوومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع لە سەرەتای دانوستانەکانی لەگەڵ هەسەدە، هەمیشە جەختی لەسەر پاراستنی یەکەیەکی سەربازیی یەکگرتوو و سەر بە فەرماندەیی ناوەندی کردووەتەوە، نەک بەردەوامبوونی دۆخی نیمچەخۆدموختاری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. گواستنەوەی هێزە کوردییەکان لە قامیشلۆوە بۆ ناوچەیەکی نزیک لە دیمەشق، ڕێک لەم چوارچێوەیەدا تێدەپەڕێت؛ ئەمەش بە جۆرێک پیشاندەری دوورخستنەوەی ئەم هێزانەیە لە ژینگە جوگرافی و کۆمەڵایەتییە ڕەسەنەکەی خۆیان.
لە زۆربەی وڵاتاندا، گواستنەوەی هێزە سەربازییەکان بۆ دەرەوەی ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان، وەک بەشێک لە پرۆسەی پیشەییکردنی سوپا و کەمکردنەوەی وابەستەیی ناوچەیی سەیر دەکرێت. پێدەچێت دیمەشقییش بیەوێت ئەم پەیامە بگەیەنێت کە هێزە تێکەڵکراوەکانی هەسەدە لەمەودوا بەشێک دەبن لە سوپای سەرتاسەریی سووریا و شوێنی جێگیربوون و ئەرکەکانیان لەلایەن فەرماندەیی ناوەندییەوە دیاری دەکرێت.
هەڵبژاردنی سەربازگەی "ئەلنەبەک"یش لە ڕووی سیمبۆلییەوە گرنگیی تایبەتی هەیە. ئەگەرچی حکوومەتی سووریا سەربازگە و ناوەندی مەشقی نزیکتریشی لە ناوچە کوردییەکان لەبەردەستدا بوو، بەڵام ناردنی هێزە کوردییەکان بۆ نزیک دیمەشق، زیاتر لەوەی پێویستییەکی جوگرافی بێت، هەوڵێکی بەمەبەستە بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی و جیدیبوونی پرۆژەی تێکەڵکردنی هێزەکان. ئەم هەنگاوە دەکرێت پەیامێکی ڕاستەوخۆ بێت بۆ تورکیا، لایەنە ناوخۆییەکانی سووریا و تەنانەت خودی هێزەکانی هەسەدە، کە دیمەشق نیازی نییە پێکهاتەی سەربازیی هاوتەریب بپارێزێت.
هاوکات، ئەم گواستنەوەیە ڕەهەندێکی ئەمنیی ناوخۆیییشی هەیە. دیمەشق هێشتا لەسەر ئاستی دڵسۆزیی ئایدیۆلۆژیی بەشێک لە هێزەکانی هەسەدە هەستیارە، بەتایبەت ئەو هێزانەی کە لە ڕوانگەی سیاسییەوە لە پەکەکەوە نزیکن. بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەکی ئەو هێزانەی کە بڕیاری گواستنەوەیان دراوە، لە کاتی سەرکەوتنیان بۆ ناو پاسەکان کە تێیدا دروشمیان لە بەرژەوەندیی پەکەکۆ و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەوتەوە، ئەم هەستیارییەی زیاتر زەق کردەوە. گواستنەوەی ئەم هێزانە بۆ ناوچەگەلێکی دوور لە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان، پرۆسەی کۆنتڕۆڵ، چاودێری و ڕێکخستنەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەوانی بۆ سوپای سووریا ئاسانتر دەکات.
هەروەها وەک دیارە، دیمەشق خەریکی جێبەجێکردنی مۆدێلێکی یەکگرتووە بۆ تێکەڵکردنی گروپە چەکدارە جیاوازەکان لە پێکهاتەی نوێی سوپادا. پێشتر هێزەکانی سەر بە گروپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشووی حکوومەتیش، خولی هاوشێوەیان لە ناوەندەکانی مەشقی حکوومەتی نوێدا تێپەڕاندبوو. کەواتە، جێگۆڕکێی جوگرافی و مەشقپێکردنەوە، وەک بەشێک لە پرۆسەی بونیادنانەوەی سوپا لە دوای شەڕی ناوخۆیی ئەژمار دەکرێت.
بە گشتی، گواستنەوەی هێزە کوردییەکان بۆ ناوچە دوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی چەند ئامانجێکی هاوکات سەیر بکرێت:
چەسپاندنی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی؛
کۆتاییهێنان بە پێکهاتە سەربازییە سەربەخۆکان لە باکوور و ڕۆژهەڵات؛
تاقیکردنەوەی ئاستی گوێڕایەڵی هێزەکانی هەسەدە بۆ فەرماندەیی دیمەشق؛
کەمکردنەوەی پەیوەندییە ناوچەیی و ڕێکخراوەییەکانی ئەو هێزانە؛
و دروستکردنی سوپایەکی سەرتاسەری بە پێکهاتەیەکی فەرماندەیی یەکگرتووەوە.
گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە پرسی "جوگرافیا" هەمیشە یەکێک بووە لە هەستیارترین تەوەرەکانی دانوستانی نێوان دیمەشق و هەسەدە؛ ئایا هێزە کوردییەکان لە ناوچەکانی خۆیاندا دەمێننەوە یاخود دەگوازرێنەوە بۆ ناو پێکهاتەی سوپای نیشتمانیی سووریا؟ گواستنەوەی لیوای قامیشلۆ بۆ ئەلنەبەک پیشانی دەدات کە دیمەشق لە ئێستادا ستراتیژی دووەم پێڕەو دەکات.
سەرچاوە: ناشناڵ کۆنتێکست
Your Comment