پنتاگۆن: ئەمریکا تەنها تەماشاچی جەنگی دیمەشق و کوردەکان بوو

ڕاپۆرتی پشکێنەری گشتیی پنتاگۆن نیشانی دەدات کە هێزەکانی ئەمریکا لە لوتکەی شەڕی نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکانی سووریادا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦، تەنیا ڕۆڵی نێوەندگیریان بۆ چوونەدەرەوەی سەلامەتی هێزە کوردییەکان لە حەلەب گێڕاوە و لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ خۆیان پاراستووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەنتەری لێکۆڵینەوەی کوردی بە پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتە تێرەتەسەلەکەی پنتاگۆن سەبارەت بە دۆخی عێراق و سووریا لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا نووسیویەتی: ڕاپۆرتە نوێیەکەی پشکێنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی «عەزمی نەبەزۆت» (Inherent Resolve)، وێنەیەکی کەم وێنە لە چۆنیەتی داڕووخانی پێکهاتەی خۆبەڕێوبەریی کوردەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) لەناو سوپای دیمەشق و نیگەرانییە ئەمنییەکانی واشنتۆن لە داهاتووی سووریا دوای چوونەدەرەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا دەخاتە ڕوو.

ئەم ڕاپۆرتە کە لە ٢٨ی ئایاردا بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان SDF و حکومەتی ئەحمەد شەرع، دوای چەندین هەفتە لە شەڕی دژوار هاتە ئاراوە. ئەم شەڕانە بوونە هۆی پێشڕەویی خێرای هێزەکانی دیمەشق لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی کورداندا بوون. بە وتەی پنتاگۆن، بۆ SDF ئەم ڕێککەوتنە بە مانای کۆتاییهاتنی کرداریی پڕۆژەی خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری دا هاوبەشییەکەی خۆی لە هێزە کوردییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندیی سووریا، سەرکردە کوردەکان هیچ بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نەبوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تا ٢٠ی کانوونی دووەم هێزەکانی حکومەتی سووریا نزیکەی تەواوی ئەو ناوچانەیان گرت کە لەژێر کۆنترۆڵی SDFدا بوون و هێزە کوردییەکان ناچار بوون بۆ دوو ناوچەی سەرەکیی کوردی لە دەوروبەری کۆبانێ و باکووری پارێزگای حەسەکە بکشێنەوە. ئێستا دیمەشق کۆنترۆڵی تەواوەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لەدەستدایە و تەنیا دوو ناوچەی جوگرافیایی کوردی لە دەوروبەری قامیشلۆ و کۆبانێ هێشتا لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندا ماونەتەوە.

پنتاگۆن زانیاری زیاتریش لەسەر میکانیزمی تێکەڵبوونی سەربازی دەخاتە ڕوو. بەپێی ڕێککەوتنەکەی کانوونی دووەم، ڕێگە بە حکومەتی سووریا درا بچێتە ناو شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، بەڵام لە بەرامبەردا هێزە کوردییەکان توانیان چوار تیپی سەربازیی تایبەت بۆ چالاکی لە ناوچە کوردییەکاندا بهێڵنەوە. تا ئێستا سێ تیپی SDF بە فەرمی لەناو سوپای سووریادا تێکەڵ کراون و یەکەیەکی سەربازی سەربەخۆ لە کۆبانێش خراوەتە سەر یەکێک لە لەشکرەکانی سەر بە پارێزگای حەلەب.

ڕاپۆرتەکە هۆکاری ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە بەشێک لە فەرماندە و بەڕێوبەرانی SDF لەناو پێکهاتەی کارگێڕیی پارێزگاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا وەرگیراون. دیمەشق بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی کوردەکان هەندێک هەنگاوی ناوە، وەک دەرکردنی مەرسوومی بەخشینی ڕەگەزنامە بەو کوردانەی کە ناسنامەیان نەبووە و بەڵێنی فەرمی بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کوردی. بەپێی ئەم بەڵێنانە، گوتنەوەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ناوچە کوردییەکاندا بە ڕێگەپێدراو ناسراوە.

بەڵام ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرنگترین دۆسیەکان هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، لەوانە:

چۆنیەتی تێکەڵبوونی تەواوەتی هێزەکانی SDF لەناو سوپا و پۆلیسی سووریادا

چارەنووسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)

دۆخی هەزاران فەرمانبەری دامەزراوەکانی خۆبەڕێوبەری

سنووری دەسەڵاتەکانی پەروەردەی زمانی کوردی

پێکهاتەی فەرماندەیی ئەمنی لە ناوچە کوردییەکاندا

کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا، لەم ڕاپۆرتەدا هۆشداری داوە کە ناڕوونی لەسەر ئەم پرسانە دەکرێت پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکان بێهێز و لەرزۆک بکات.

یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ڕاپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ ڕۆڵی تورکیا. ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە حکومەتی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی کانوونی دووەمدا دژی هێزە کوردییەکان، پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی سەربازی و لۆجستیی پێشکەشی دیمەشق کردووە و هێشتاش مەشقی تەکنیکی و ڕاوێژی سەربازی بە سوپای سووریا دەدات. بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەرچەندە ئەنقەرە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دوای جێگیربوونی کۆنترۆڵی دیمەشق لە سووریا دەکشێتەوە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای تورک لە شوباتدا بە ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە کە هێشتا بارودۆخەکە بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی تورکیا لەبار نییە.

ڕاپۆرتەکە بۆ یەکەمجاریش ئاشکرای دەکات کە هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی شەڕەکانی کانوونی دووەمدا فەرمانیان پێدرابوو کە بە تەواوەتی بێلایەن بمێننەوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە SDF چەندین جار داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردبوو کە بۆ پاراستنی زیندانی شەدادی ــ کە شوێنی ڕاگرتنی زیندانیانی داعشە ــ دەستوەردان بکات. واشنتۆن ئەم داواکارییەی ڕەتکردەوە، بەڵام هاوپەیمانان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە نێوەندگیریکردن لە نێوان دیمەشق و SDF بۆ چوونەدەرەوەی بێ شەڕی هێزە کوردییەکان لە حەلەب، ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا، پنتاگۆن هۆشداری دەدات لە مەترسیی دزەکردنی داعش بۆ ناو سوپای نوێی سووریا. بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەم دامەزراوە هەواڵگرییەی ئەمریکا، نەبوونی سیستمێکی وردی پاڵاوتنی ئەمنی و تێکەڵبوونی خێرای گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بووەتە هۆی ئەوەی ڕەگەزە توندڕەوەکان و تەنانەت ئەو کەسانەی کە پێشینەی پێوەندییان لەگەڵ داعشدا هەبووە، بچنە ناو پێکهاتەی نوێی سەربازییەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هێرشەکەی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە تەدمور (پاڵمیرا) دەکات کە تێیدا دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی ئەمریکی کوژران. هەرچەندە لە سەرەتادا ئەم هێرشە خرایە پاڵ داعش، بەڵام دواتر بەرپرسانی دژەتیرۆری ئەمریکا وەک «هێرشێکی تیرۆریستی لە ناوخۆوە» وەسفیان کرد. بە وتەی ڕاپۆرتەکە، ئەنجامدەری هێرشەکە ئەندامێکی پێشووی داعش بووە کە دوای ماوەیەک مانەوە لەناو دەستەی تەحریری شام (HTS)، چووبووە ناو پێکهاتەی سەربازیی سووریاوە.

پنتاگۆن هۆشداری دەدات کە بوونی ئەم جۆرە کەسانە لەناو سوپای سووریادا دەکرێت ببێتە هۆی دزەکردنی زانیاریی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش، لادانی ئەرکەکان و تەنانەت ئاگادارکردنەوەی شانەکانی داعش پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە هەر جۆرە هاوکارییەکی داهاتوودا لەگەڵ سوپای سووریا، دەبێت وا دابنێن کە «دزەکردنی هەواڵگری» هەیە و هەر ئەمەش هاوکاریی هەواڵگریی زۆر دژوار کردووە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە قەیرانی کەمپی ئەلهۆل دەکات؛ ئەو شوێنەی کە لە کانوونی دووەمدا نزیکەی ٢٠ هەزار ئەندامی خێزانەکانی داعش لێی ڕایانکرد. بەپێی هەڵسەنگاندنی هاوپەیمانیی دژی داعش، هێزەکانی حکومەتی سووریا نەک تەنیا ڕێگرییان لە ڕاکردنەکان نەکرد، بەڵکو دەستوەردانیشیان لە ڕاگرتنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی سەر بە داعشدا نەکرد. زۆربەی ژنان و خێزانەکانی سەر بە داعش بە یارمەتی تۆڕە خۆجێییەکان بۆ ئیدلب گوازرانەوە؛ بابەتێک کە لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ بوژانەوەی قۆناغ بە قۆناغی داعش.

ئەمریکا هەروەها هۆشداری داوە کە داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنییانە وەردەگرێت کە بەهۆی گواستنەوەی خێرای ناوچە کوردییەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق دروست بوون. بە وتەی پنتاگۆن، داعش ئێستا زیاتر لە دێرەزوور، حەسەکە، دیمەشق و حەلەب چالاکە و هێشتا توانای پلانی هێرشی دەرەکیی پاراستووە.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەوەی داعش هیچ خاکێکی سەربەخۆی لەدەستدا نییە، ئەم گرووپە هێشتا وەک هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر سووریا و ناوچەکە دەمێنێتەوە. هاوکات، چوونەدەرەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ناوەڕاستی نیساندا و کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی ١٠ ساڵەی هاوپەیمانیی دژی داعش، داهاتووی هاوکاریی ئەمنی نێوان واشنتۆن، دیمەشق و هێزە کوردییەکانی خستووەتە ناو قۆناغێکی ناڕوون و پڕ لە سەرکێشییەوە.

News ID 227291

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha