سوپای ١٠ کەسیی ئەستێرە کوردەکان لە تابلۆی درەوشاوەی مۆندیالی ٢٠٢٦دا

جامی جیهانیی تۆپی پێی ٢٠٢٦ تەنیا مەیدانی ململانێی گەورەترین زلهێزەکانی تۆپی پێی جیهان نییە، بەڵکوو بووەتە تابلۆیەکی درەوشاوە بۆ نیشاندانی ڕەسەنکایەتی، بەھرە و دەمارگیریی وەرزشیی یاریزانانی بەڕەچەڵەک کورد. ١٠ ئەستێرەی کورد بە درێسی چوار هەڵبژاردەی نیشتمانیی (عێراق، ئێران، تورکیا و ئەڵمانیا) پێیان ناوەتە ناو ئەم تۆرنۆمێنتە مەزنەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە تۆپی پێی کوردستان سنوورە جوگرافییەکانی بەزاندووە و لە چوارچێوەی مدعیانی ئاسیایی و ئەورووپاییدا، بەدوای ناوبانگی ئەبەدیدا دەگەڕێن لە گەورەترین ڕووداوی وەرزشیی جیهاندا.

ڕکابەرییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ لە کاتێکدا جۆش و خرۆشی گەیاندووەتە لووتکە، کە پێداچوونەوە بە پێکهاتەی تیپە بەشداربووەکاندا، دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەر و جێی شانازی بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە جیهاندا وێنا دەکات. ئامادەبوونی هاوکاتی ١٠ یاریزانی لێهاتووی کورد لە چوارچێوەی چوار هەڵبژاردەی جیاوازدا، یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین چیرۆکەکانی ئەم جامەی خوڵقاندووە.

لەو نێوەندەدا، هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق بە پشتبەستن بەو سیاسەتەی کە هەیەتی بۆ ڕاکێشانی بەهرەمەندە ناوخۆیی و کۆچبەرەکان، بووەتە قەڵای سەرەکیی ئەستێرە کوردەکان. پێکهاتەی عێراق بە ئامادەبوونی ٦ یاریزانی کورد لەوانە؛ ئاکام هاشم و ڕێبین سۆلاقە لە هێڵی بەرگریدا، شێوازێکی پتەوی بەخۆیەوە گرتووە. لە پاڵ ئەوانیشدا، ئەستێرە داهێنەر و تەکنیکییەکانی وەک میرخاس دۆسکی، ئەیمار شێر، مارکۆ فەرەج و ئەو دیاردە گەنج و بەهرەمەندەی پاشەڕۆژیان واتە یوسف ئەمین، کۆڵەکەی سەرەکیی شێرەکانی میزۆپۆتامیان لەم ماراسۆنە جیهانییەدا.

بەڵام ئامادەیی کوردان تەنیا لە قاڕەی ئاسیادا قەتیس نەبووە؛ لە قاڕەی سەوز و لە ئۆردوگای هەڵبژاردەی تورکیادا، دوو ته‌وەرەی بەرگریی قایم و بەناوبانگی تۆپی پێی ئەورووپا واتە ئۆزان کاباک و محەممەد زەکی چێلیک کە بەڕەچەڵەک کوردن، ئەرکی پاراستنی دەروازەی ئەم تیپەیان لەئەستۆیە. کەمێک ئەوولای تریش و لە دڵی مانشافتا (هەڵبژاردەی ئەڵمانیا)، دەنیز ئۆنداڤ، هێرشبەری گۆڵکەر و ژەهراویی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، نوێنەرێکی بەهێزی کۆمەڵگەی کوردییە لە یەکێک لە تیپە سەرەکییەکانی کاندید بۆ بردنەوەی جامی جیهانی.

لە کۆتاییدا، نۆرەی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێران دێت؛ لەوێدا هەڵۆی خاوەن ئەزموون و خۆشەویستی تۆپی پێی ئێران، عەلیڕەزا بەیرانوەند، بە ڕەچەڵەکی لەک و کوردی خۆیەوە و وەک یەکێک لە بەئەزموونترین گۆڵپارێزەکانی ئاسیا، لە ناو گۆڵی یوزەکاندایە (نازناوی تیپی ئێران) تا کێشی ئەزموون و دەسەڵاتی ئەم کۆمەڵە ١٠ کەسییە تەواو بکات.

مۆندیالی ٢٠٢٦ ئێستا لە ڕکابەریی نێوان وڵاتان لایداوە و بووەتە مەیدانی درەوشانەوەی ڕەسەنایەتی و بەهرەیەک کە ڕەگی لە خاکی زاگرۆسدایە و لقی تا بۆندزلیگا و تابلۆی پێشەوەی تۆپی پێی جیهان باڵای کێشاوە. دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین ئەم سوپایە ١٠ کەسییە لە کۆتاییی ئەم ڕووداوە گەورەیەدا، چ جۆرە یادەوەرییەک لە مێژووی تۆپی پێی جیهاندا تۆمار دەکەن.

News ID 227289

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha