بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بانکی جیهانی پاکێجێکی دارایی بە بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەسەند کرد. ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی باشترکردنی سەلامەتیی ڕێگاوبانەکان، بەهێزکردنی ڕێڕەوە ترانزێتییەکان و ئاسانکاریی گەیاندنی عێراق بە وڵاتانی تورکیا، سووریا و ئوردن جێبەجێ دەکرێت.
بانکی جیهانی ڕایگەیاند کە دەستەی بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوەیە ڕۆژێک لەمەوبەر ڕەزامەندیی لەسەر دابینکردنی دارایی ئەم پڕۆژەیە دەربڕیوە. بەپێی ئەم پلانە، دوو ڕێڕەوی سەرەکیی ڕێگاوبانەکانی عێراق کە پێکدێن لە شاڕێگای باکوور-باشوور «ئێکسپرێس وەی ١» لە بەغداوە بۆ سنووری تورکیا لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، وە هەروەها ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوا «ئێکسپرێس وەی ٢» لە نێوان بەغدا، سووریا و ئوردندا، گەشەپێدانیان بۆ دەکرێت و نۆژەن دەکرێنەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشێک لەم پڕۆژەیە پێکهاتووە لە ٥٠ کیلۆمەتر ڕێگا لە پارێزگای سلێمانی و ٢٢ کیلۆمەتر لە پارێزگای دهۆک. بە وتەی ئەم وەزارەتە، پشکی هەرێمی کوردستان لە پاکێجە داراییەکەی بانکی جیهانی ٨٠ ملیۆن دۆلارە؛ بڕێک کە دوای دیدار و دانوستانەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم لە واشنتۆن، کۆتایی پێهێنرا و جێگیر کرا.
بانکی جیهانی جەختی کردەوە کە ئەم وەبەرهێنانە یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی بەرگریی تۆڕی ڕێگاوبانەکانی عێراق لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا، باشترکردنی چاکسازیی ڕێگاکان و بەرزکردنەوەی سەلامەتیی هاتوچۆ، وە زەمینەش خۆش دەکات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە پڕۆژەکانی داهاتووی گواستنەوەدا.
ئەم دامەزراوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پڕۆژە نوێیەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سوود بە نزیکەی ٧.٩ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری ئەم ڕێگایانە بگەیەنێت و دەستڕاگەیشتن بە کەرتەکانی وەک گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاریی تەندروستی و پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان باشتر بکات.
بانکی جیهانی لە بەیاننامەکەیدا ئەوەی وەبیر هێناوەتەوە کە نزیکەی ٩٠٪ی گواستنەوە لە عێراقدا لە ڕێگەی وشکانییەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەشێکی بەرچاوی تۆڕی ڕێگاوبانەکانی ئەم وڵاتە هێشتا لە دۆخێکی مامناوەند یان نەگونجاودایە؛ بابەتێک کە بازرگانی، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و دەرفەتە ئابوورییەکانی سنووردار کردووە.
عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ قەیرانی ڕووداوە کوشندەکانی هاتوچۆدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە. کۆنبوونی ڕێگاکان، لێخوڕینی خێرا و پابەند نەبوون بە یاساکانی هاتوچۆ، وەک گرنگترین هۆکارەکانی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم وڵاتەدا دادەنرێن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، زیاتر لە ٧٠٠ پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمدا جێبەجێ کراون.
Your Comment