بەرهەم و داهاتی دانە غاز لە چارەکی یەکەمی ۲۰۲۶دا
قازانجی پوخت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو (۷۲%) زیادی کردووە و گەیشتووەتە (۲۷۰ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۷۴ ملیۆن) دۆلار.
داهات بۆ (۵۳۱ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۱۴۵ ملیۆن) دۆلار گەشەی کردووە، کە (۵۹%) بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبووەتەوە.
تێکڕای بەرهەمهێنانی گرووپەکە (۵۳ هەزار و ۱۵۰) بەرمیل هاوتای نەوت بووە لە ڕۆژێکدا ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەرهەمهێنانی جێگیرە بە شێوەیەکی گشتی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
بەرهەمهێنانی میسر ۴% بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، ئەمەش نیشانەی گەڕانەوەیەکی ڕوونە بۆ گەشەی بەرهەمهێنان.
ڕۆژی ۱۴ی ئایاری ۲۰۲۶ کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی (کۆمپانیای پشکداری گشتیی تایبەت) کە گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی هەرێمیی غازی سروشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەنجامە داراییەکانی خۆی بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە ( لە ۱ی کانونی دووەم بۆ ۳۱ی ئازاری ۲۰۲۶)، ڕاگەیاند.
قازانجی پوخت بۆ چارەکی یەکەمی ۲۰۲۶ گەیشتە (۲۷۰ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۷۴ ملیۆن) دۆلار، ئەمەش نیشاندەری (۷۲%) زیادبوونە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. ئەم ئەنجامە پاڵپشتە بە هەموارکردنەوەیەکی ئەرێنی یەکجاری بە بڕی (۱۷۶ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۴۸ ملیۆن) دۆلار پەیوەست بە هاوتایەکردنی پێوانەکردنی غاز لە هەرێمی کوردستان ، کە بەشێکی بەهۆی تێچووی هەڵکەندنی یەکجاری بە بڕی (۲۲ ملیۆن) درهەم (۶ ملیۆن) دۆلار لە میسر کەمبووەتەوە.
بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم بڕگانە، قازانجی پوختی بنەڕەتی (۹۵ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۲۶ ملیۆن) دۆلار بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بنکەیەکی تێچووی بەرزترە لە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانکردنی KM۲۵۰ و پچڕانی کاتیی بەرهەمهێنان لە مانگی ئازاردا. پێشبینی دەکرێت ئەم کاریگەرییانە ڕاگوزەریی بن لە کاتێکدا کۆمپانیاکە بەرەو بەکارهێنانی توانای بەرزتر هەنگاو دەنێت.
داهات بۆ (۵۳۱ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۱۴۵ ملیۆن دۆلار) زیادی کردووە، بەراورد بە (۳۳۴ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۹۱ ملیۆن دۆلار) لە چارەکی یەکەمی ۲۰۲۵دا، کە سوودمەند بووە لە هەموارکردنەوەی یەکجاری پێوانەکردن. لەسەر بنەمایەکی بنەڕەتی، داهات بە بڕی (۲۲ ملیۆن) درهەم (۶ ملیۆن دۆلار) بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، کە پاڵپشتکراوە بە بەهێزبوونی بەرهەمهێنان لە میسر و زیادبوونی قەبارەی فرۆشتنی غاز لە هەرێمی کوردستاندا.
هەرێمی کوردستانی عێراق
لە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانکردنی KM۲۵۰، کۆمپانیاکە بە سەرکەوتوویی توانای بەرزکراوەی سیستەمەکەی نیشان بدا، بە شێوەیەک بەرهەمهێنانی غاز لە مانگی کانوونی دووەمدا لە (۷۰۰ ملیۆن) پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تێپەڕی. ئەمەش بووە هۆی زیادکردنی (۱۵ هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ بەرهەمهێنانی خاوێنی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان، بەمەش کۆی بەرهەمهێنانی گرووپەکە گەیشتە (۷۰ هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی ۲۰۱۸وە.
لە کۆتایی مانگی شوباتدا، ئۆپەراسیۆنەکان لە دامەزراوەی کێڵگەی کۆرمۆر بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیران و دواتر لە مانگی ئازاردا بە توانایەکی کەمکراوەوە دەستیان پێکردەوە، ئەمەش لە وەڵامی گۆڕانکارییەکانی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەدا بوو. سەرەڕای ئەم تەحەددییاتانە، کۆمپانیاکە بە خێرایی وەڵامی دایەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی پاراست، هاوکات بەردەوام بوو لە دابینکردنی غاز بۆ کڕیاران بە شێوەیەکی جێی متمانە.
دانە غاز و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە پێشخستنی پڕۆژەی پەرەپێدانی چەمچەماڵ، کە بە بەرنامەیەکی وەبەرهێنانی (۱۶۰ ملیۆن) دۆلاری پاڵپشتی دەکرێت. بۆ دابینکردنی داواکاری لە کێڵگەکەوە و هەمەجۆکردنی بنکەی کڕیاران، لە مانگی کانوونی دووەمی ۲۰۲۶دا ڕێککەوتنامەکانی فرۆشتنی غاز واژۆ کران بۆ دابینکردنی تا (۱۴۲ ملیۆن) پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بۆ کڕیارانی پیشەسازی.
میسر
لە میسر، دانە غاز پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە چوارچێوەی بەرنامەی وەبەرهێنانی خۆیدا لە دوای ڕێککەوتننامەی کۆنسیۆنی یەکخراو، کە ئامانج لێی جێگیرکردنی بەرهەمهێنان و گەڕاندنەوەی گەشەی بەردەوامە لە دەلتای نیل.
چارەکی یەکەمی ۲۰۲۶ خاڵێکی وەرچەرخانی ڕوون بوو، بە گەڕانەوە بۆ گەشەی بەرهەمهێنان بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ۲۰۱۷وە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی چالاکییەکانی هەڵکەندن و چاکسازییە لە سەرانسەری بنکەی داراییەکەدا. کۆمپانیاکە بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی چالاکییەکانی هەڵکەندن و چاکسازیی پلانبۆداڕێژراو لە ماوەی ساڵەکەدا بۆ پاراستنی ئەم بەرەو پێشچوونانە.
ئۆپەراسیۆنەکان و بەرهەمهێنان
تێکڕای بەرهەمهێنانی گرووپەکە (۵۳ هەزار و ۱۵۰) بەرمیل هاوتای نەوت بووە لە ڕۆژێکدا لە ماوەی ئەم چارەکەدا، بەراورد بە (۵۳ هەزار و ۹۵۰) بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا لە چارەکی یەکەمی ۲۰۲۵دا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەرهەمهێنانی جێگیرە بە شێوەیەکی گشتی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕا (۴۰ هەزار و ۱۰۰) بەرمیل هاوتای نەوت بووە لە ڕۆژێکدا، بەراورد بە (۴۱ هەزار و ۴۰۰) بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا لە چارەکی یەکەمی ۲۰۲۵دا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کەمبوونەوەی توانای کارکردنە لە دامەزراوەی کۆرمۆر لە ماوەی مانگی ئازاردا بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە.
لە میسر، بەرهەمهێنان بە ڕێژەی (۴%) زیادی کردووە بۆ (۱۳ هەزار و ۵۰) بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا، کە پاڵپشتکراوە بە چالاکییە بەردەوامەکانی وەبەرهێنان لە چوارچێوەی بەرنامەی پەرەپێدانی کۆمپانیاکەدا و نیشانەی گەڕانەوەیە بۆ گەشەی بەرهەمهێنان.
نەختینەیی
تا ۳۱ی ئازاری ۲۰۲۶، هاوسەنگیی نەختیی یەکخراوی دانە غاز بە بەهێزی مایەوە لەسەر (۸۳۶ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۲۲۸ ملیۆن) دۆلار.
کۆی کۆکردنەوەی دارایی لە ماوەی ئەم چارەکەدا گەیشتە (۲۴۹ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۶۸ ملیۆن) دۆلار. ئەنجامی کۆکردنەوەی شایستە داراییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە بەهێزی مایەوە، بە شێوەیەک داهاتی وەرگیراو (۲۲۰ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۶۰ ملیۆن) دۆلار بووە و ڕێژەی کۆکردنەوەی شایستەکان ۱۰۰% بووە.
لە میسر، ڕێژەی کۆکردنەوەی شایستەکان لەو ماوەیەدا نزیکەی ۵۰% بووە. دواتر لە مانگی نیساندا، کۆمپانیاکە (۷۳ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۲۰ ملیۆن دۆلار)ی پێگەیشت، بەمەش یەکلاکردنەوەی سەرجەم شایستە داراییە دواکەوتووەکان کۆتایی هات و پێگەی شایستە داراییەکان بە تەواوی نوێ بووەوە و ئەمەش بەرچاوڕونی لێشاوی نەختینەیی بەهێزتر کرد.
لە مانگی ئازاری ۲۰۲۶دا، کۆمپانیاکە ئاسانکارییەکی بانکیی بە بڕی (۲۷۵ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۷۵ ملیۆن) دۆلار دابین کرد، کە لە مانگی نیساندا بە تەواوی ڕاکێشرا. ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو پێگەی نەختینەیی کۆمپانیاکەی بەهێزتر کردووە و نەرمی دارایی پەرەپێداوە بە تێچوویەکی کەمتر لە ئاسانکاریی کۆمپانیاکانی پێشووی کۆمپانیاکە کە لە مانگی ئازاردا بە تەواوی یەکلاکرایەوە.
لە مانگی نیساندا، خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر دابەشکردنی قازانجی پشکەکان بە بڕی (۶.۵ فیلس) بۆ هەر پشکێک، کە بڕیارەکە دەگاتە (۴۵۵ ملیۆن) درهەمی ئیماراتی (۱۲۴ ملیۆن دۆلار)، کە لە ۱۹ی ئایاری ۲۰۲۶دا دەدرێت.
دانە غاز یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی غازی سروشتییە لەسەر ئاستی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە کانونی یەکەمی ۲۰۰۵دا دامەزراوە و لە بازاڕی دارایی ئەبوزەبی تۆمارکراوە. کۆمپانیاکە خاوەنی دارایی گەڕان و بەرهەمهێنانە لە میسر و هەرێمی کوردستانی عێراق و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان (ئیمارات)، کە یەدەگی ۲P تێیدا لە یەک ملیار بەرمیل هاوتای نەوت زیاترە و تێکڕای بەرهەمهێنانیش لە (۵۰ هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا تێپەڕ دەکات. دانە غاز بەهۆی هەبوونی توانانەکی قەبەی دارایی لە هەرێمی کوردستان و میسر، و لەگەڵ پلانەکانی داهاتووی بۆ فراوانکردن، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کەرتی غازی سروشتیدا کە بە خێرایی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و باشووری ئاسیا گەشە دەکات.
Your Comment