نەوشیروان مستەفا، شۆڕشگێڕی ڕووناکبیر/ محەمەد هادیفەر

نەوشیروان مستەفا ئەمین، لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٤ لە سلێمانی، شاری ڕاپەڕین و شۆڕشی کوردستان، یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییە خۆساختە و ناوازەکانی کوردی عێراق. لە دەیەی دووەمی تەمەنیدا لەگەڵ بزووتنەوەی خەباتی کورد بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی ئاشنا بوو، دواتریش لە سلێمانی بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە هەمان کاتدا، فەزای سیاسیی دەیەی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، لە غیابی بزووتنەوە ئاینییەکاندا، لە ڕۆژهەڵاتی جیهانەوە تا ڕۆژاوای، لەژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیای مارکس، ئینگڵز و لێنین و مۆدێلە شۆڕشگێڕی و ڕزگاریخوازییەکانی وەک چێگۆڤارا، کاسترۆ و هۆشی میندا بوو. ئەگەرچی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لە دەیەی شەستەکاندا دەروازەی ورودووی ئاینی سیاسی بوو و بزووتنەوەی ئیخوان لەم ناوچەیەوە گەیشتە عێراق، بەڵام هێشتا خۆری ئاینی سیاسی کە ببێتە بزوێنەری شۆڕشە میللییەکان، بەسەر حوجرە نەریتییەکانی کوردستاندا هەڵنەهاتبوو و تەوەرەی سەرەکیی چالاکوانە سیاسییەکان لەسەر هەمان فەزای خەباتی باوی جیهانی دەسووڕایەوە. بۆیە، فەزای خەباتی هێزە کوردستانییەکانیش لەم ڕێسایە بەدەر نەبوو، گەنجانی شۆڕشگێڕ زیاتر بە بیرکردنەوەی کۆمۆنیستییەوە پێیان دەنایە مەیدانی خەبات و بیروباوەڕی هاوبەش "شێوازی چەپ" فەزای باڵادەستی تێکۆشان بوو.

کاک نەوشیروان مستەفاش لەم بازنەیە بەدەر نەبوو؛ ئەو لە یەک کاتدا لەگەڵ دوو بەرەدا ڕووبەڕوو بوو: زوڵمی نەتەوەیی حکومەتی عێراق، و لایەنە کۆنەپارێز و عەشایەرییەکەی ناوخۆ بە ئایدۆلۆژیای چینایەتی حیزبی باڵادەست لە کوردستان. لەو سەردەمەدا ململانێی دوو دیدگای نەریتی و مۆدێرن لە کوردستاندا لە لوتکەدا بوو، کە خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی ڕابەرایەتی باڵی نەریتی و تاکڕەوی دەکرد، لە بەرامبەردا ئیبراهیم ئەحمەد و زاوا ڕووناکبیرەکەی، خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی، لە خاڵی پێچەوانەدا وەستابوون. ڕۆحی ڕەخنەگر و یاخیی نەوشیروان لە دیدگا مۆدێرنەکەی خەباتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی نزیکتر بوو، بۆیە ڕاکێشی باڵی سلێمانی، شاری تێکۆشان و قوربانی بوو. سەرەتا هەوڵی دامەزراندنی حیزبی چەپی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانی دا و دوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیش لە پاڵ خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانیدا وەستایەوە؛ ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لە نبرده‌کانی ناوچەی سلێمانی لە دەیەی هەشتاکاندا دژ بە سوپای سەددام و هەروەها ڕۆڵی کلیلی هەبوو لە ڕووخانی ڕژێمی فاشیستی سەددام لە ساڵی ١٩٩١دا لە ناوچە کوردستانییەکان.

کاک نەوشیروان لەو کەمینە پێشمەرگانەی کوێستانەکانی کوردی عێراق بوو کە یادەوەرییەکانی خۆی بە دیدێکی ڕەخنەیی و ڕۆشنگەرانە نووسییەوە. چوار بەرگی کتێبەکەی (لە کەناری دانوبەوە بۆ دۆڵی ناوزەنگ، خولانەوە لە ناو بازنەدا، پەنجەکان یەکتر دەشکێنن و...) جگە لە مێژوونووسیی بەڵگەنامەیی، خاوەن ڕەوانبێژییەکی ئەدەبیی تایبەتە کە نیشانەی زیندوێتی فیکری و ڕۆحی چالاکوانەی ئەوە. کۆکردنەوەی قەڵەم و تفەنگ لە شاخدا، لەو دەگمەن شتانەیە کە سەرکەوتنی بوو بە هاوڕێی بلیمەتیی فیکری نەوشیروان. کاک نەوشیروان جگە لەمە، چەندین بەرهەمی تری وەک کۆماری ١٩٤٥ی مەهاباد، کورد و عەجەم، مێژووی سیاسیی کورد و... هتد نووسیوە، کە قووڵی زانیاریی سیاسی و کەسایەتییە خۆساختەکەی کاک نەوشیروان دەردەخات. بە تێڕامانێکی خێرا لە ئەندێشەی سیاسی ئەو، مرۆڤ داخ دەخوازێت کە خۆزگە نەوشیروانی دوای شاخ مەیدانی سیاسەتی دەکردە قۆناغی نووسین و ڕووناکبیری، چونکە بە دڵنیاییەوە دەبوو بە بلیمەتێکی وەک عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ و مستەفا زەڵمی؛ بەڵام لە لایەکی تریشەوە حەیف بوو ئەزموونی پێشمەرگەیەکی شاخ لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا فەرامۆش بکرێت. بێگومان فیکری ئەو هەمیشە خەریکی گرێدانی نێوان بیرکردنەوەی شۆڕشگێڕی شاخ و مەدەنییەتی شار بوو، هەر ئەم ڕۆحیەتەش بووە هۆی محبوببوونی گشتی، کە بە دڵی ئەریستۆکراتەکان نەبوو. ئەو لە سەرەتاوە چاوێکی ڕەخنەیی لە بزووتنەوەی کوردی هەبوو و بە دروستی ئافاتەکانی بزووتنەوەکەی بە قەڵەمێکی ڕەوان و بە شێوازێکی بەڵگەمەند نووسیوە، کە جگە لە مێژوونووسی زارەکی، لە شاهکارە ئەدەبییەکانیش ئەژمار دەکرێت.

سادەژینی و قەناعەت یەکێک بوو لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کاک نەوشیروان مستەفا، بە جۆرێک لە سەردەمی تاڵانکاریدا کە ببوو بە ڕێسا لای سەرکردەکانی کورد، ئەو استثنا بوو. کوڕی یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتە ناسراوەکانی کوردستان دەیگێڕایەوە کە لەو سەردەمەی کاک نەوشیروان بە زیزبوونەوە کوردستانی جێهێشتبوو و لە ئەوروپا خەریکی خوێندن بوو، بەپێچەوانەی سەرکردەکانی تری کوردستان نە حەشارگەیەکی هەبوو نە پارەیەک کە پێی بحەسێتەوە. دەیگوت باوکم بەم بابەتەی زانی و منی ڕاسپارد بڕێک پارە بگەیەنمە دەست کاک نەوشیروان بۆ ئەوەی لە ڕەنجی کەم دەرامەتی ڕزگاری بکەین، چونکە ئەو هەموو شەوێک لە شوێنێک دەمایەوە. دەیگوت بڕێکی زۆر دۆلارم پێشکەش کرد، بەڵام هەرچیم کرد قبووڵی نەکرد و لە کۆتاییدا تەنیا یەک وەرەقەی سەد دۆلاری لە نێوان دەستە دۆلارەکاندا دەرهێنا و گوتی: ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەی دەستی ئەو پیاوە شەریفە نەگەڕێنمەوە، هەڵدەگرم. بەڵێ، درێژیی زمانی ئەو نیشانەی کورتیی دەستی بوو؛ چونکە ئەگەر دەستێکی درێژ بکردایە، وەک زۆران زمانی کورت دەبوو.

ئەو دوای ماوەیەک دوورکەوتنەوە لە کوردستان کە چەندین کتێبی تێدا نووسی، لەسەر داوای هێزە کوردستانییەکان گەڕایەوە سلێمانی، بەڵام ئەو حیزبەی خۆی و هاوڕێکانی دروستیان کردبوو، مەودای هەبوو لەگەڵ ئەم حیزبەی ئێستا. ڕۆحی ڕەخنەگرانەی کاک نەوشیروان وای لێکرد کە پاڵاوتنێک لە ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانییەوە دەست پێبکات، بۆیە بە دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە دروشمی شەڕی دژ بە گەندەڵی دارایی، پاوانکاری و نادادی لە ساڵی ٢٠٠٩دا، بە کرداری ڕێگای خۆی لە هاوڕێ دێرینەکانی جیاکردەوە. دروشمی دژایەتیکردنی گەندەڵی دارایی سەرکردەکان، پێداویستی ڕۆژانەی گەنجانی ئەو سەردەمەی کوردستان بوو، بەم هۆیەشەوە کۆمەڵێکی زۆر لە گەنجان، زانکۆییان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە دەوری کۆبوونەوە؛ لە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆییدا لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی دەسەڵات و سەروەتێکی بێشمار بوو، بوو بە دووەم ڕەوتی سیاسیی کوردستان.

نەوشیروان مستەفا یەکێک بوو لە دیاردەکانی بزووتنەوەی کوردی عێراق، کە لە عەینی کوردبوون و پابەندیی بە بیروباوەڕە نەتەوەییەکانی خۆی، نوێخواز و متجددێکی سیاسی بوو. ئەو توانیبووی بە پاراستنی ناسنامەی شاخ، مەدەنییەتی شار بە دروستی مانا بکات؛ بەپێچەوانەی هەندێک لە هاوڕێکانی، بە هاتنە ناو شار، کولتووری شاخی بە ژنهێنانەوەی نوێ و کۆکردنەوەی سەرانە نەفرۆشت. تەنانەت گرنگی بە گۆڕینی ڕوخساریشی نەدا، تەنیا گۆڕانی ئەو، ئەو تۆزە سپییەی ڕوخساری بوو کە لە دەیەی هەشتاکاندا لە شاخی یاخسەمەر بینیبووم و جیای دەکردەوە. ئەو لە شاخ کۆمۆنیستێکی نەتەوەیی بوو و لە شاردا سۆسیالیستێکی مەدەنی. ناوی ئەو بە شەڕی دژ بە گەندەڵی دارایی و نەتەوەگەرایی خێڵەکییەوە بەستراوەتەوە؛ ئەو هیچ کات نەتەوەی نەکردە قوربانیی سیاسەت و لەسەر هەمان پەیمان هاتبایە ناو مەدەنییەتی سیاسی. سیاستمەدارێکی دووربین بوو، ئافاتەکانی نەتەوەگەرایی سۆزداریی بەباشی درک پێکردبوو و حقایقەکانی کورد و کوردستانی بە دروستی دەناسی. هەڕەشەکانی سەر کوردستانی دەناسی، بەم هۆیەشەوە وەک چۆن دژ بە گەندەڵی دەجەنگا، بە هەمان پێوەر لە هەڕەشە ناوچەیییەکان دەترسا. ڕێک سێ ڕۆژ دوای کۆچی دوایی ئەو لە نۆیەمین ڕۆژی مانگی مەی ٢٠١٧دا، مێژووی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستان ڕاگەیەندرا؛ ڕەنگە ئەگەر ئەو بووایە چارەنووسی کوردستان نەدەگەیشتە ئێرە، و بە دڵنیاییەوە ڕۆحی شەڕی دژ بە گەندەڵی گشتگیر دەبوو و کوردستان نەدەبوو بە لەوەرگای تاڵانکاران و چەپاوڵچییەکان. بەڵێ، ئەو داهێنەر و بزوێنەری ڕەوتی نوێخوازیی سیاسیی گۆڕان بوو، بەڵام خۆی تا دوایین چرکەکانی ژیانی هەرگیز تووشی گۆڕان نەبوو.

News ID 227153

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha