بایەخ بەو یادداشتانە مەدەن کە لە میدیاکاندا بەناوی ئۆجەلانەوە بڵاو دەکرێنەوە

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، ئەو بابەتانەی لە هەندێک میدیادا لەژێر ناوی "یادداشتەکانی دیدار" بە ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بڵاوکراونەتەوە، بە بێبایەخ وەسف دەکات و جەختی کردەوە تەنها ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن شاندی ئیمرالی، بنەماڵە و پارێزەرانی ئەوەوە بڵاودەکرێنەوە فەرمین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کاردانەوە بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی هەندێک بابەت لە میدیا چاپکراو و دیجیتاڵییەکاندا لەژێر ناوی "تێبینییەکانی دیدار"، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریی دا لە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم ناوەڕۆکانە. ئەم شاندە ڕایگەیاند کە ئەو تێبینییە بڵاوکراوانەی دەخرێنە پاڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەبێ بەڵگەی ڕەسەنن و دەبنە هۆی شێواندنی دیدووبۆچوونەکانی ئەو و زیانگەیاندن بە پرۆسەی گفتوگۆ و چارەسەری پرسەکە.

بە نووسینی ئاژانسی هەواڵی هاوار، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەندێک بابەت لە میدیا دیجیتاڵییەکان و ژمارەیەک لە میدیا چاپکراوەکاندا بە ناوی "تێبینییەکانی دیدار" ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا جەخت کراوەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە هەندێک میدیا و تۆڕە دیجیتاڵییەکاندا بابەتگەلێک بە ناوی "تێبینییەکانی دیدار" بڵاوکراونەتەوە و بانگەشەی ئەوە کراوە کە ئەم تێبینییانە سەر بە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ـن.

شاندی ئیمرالی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاند: «وەک چۆن پێشتریش چەندین جار ڕامانگەیاندووە، لە دەقێکی وەهادا بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی ڕەسەن، هەندێک ڕستە دەخرێنە پاڵ کەس یان ژینگە جیاوازەکان و لە ئەنجامدا دیدووبۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجەلان بە شێوەیەکی نادروست ڕەنگ دەدەنەوە. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە هەوڵێکی وەها زیان بە پرۆسەی گفتوگۆ و چارەسەری پرسەکە دەگەیەنێت.»

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە: «بۆ جارێکی تر بە ڕوونی ڕایدەگەیەنێن؛ جگە لەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی لەلایەن شاندی ئیمرالی، ئەندامانی بنەماڵە و پارێزەرانەوە لە پەیوەندی بە بەڕێز ئۆجەلانەوە پێشکەش دەکرێن، نابێت هیچ کەسێک بایەخ بە هیچ بەڵگە، تێبینی یان زانیارییەک بدات کە خاوەن سەرچاوەیەکی فەرمی و جێی متمانە نییە.»

لە کۆتایی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: «بۆ پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری و بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، زۆر گرنگە ڕای گشتی بەرامبەر بەم جۆرە ناوەڕۆکانە هۆشیار و بەئاگا بێت. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە دەبێت هەموو لایەنەکان لەم بوارەدا بە هەستیاری و بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەن.»

News ID 227075

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha