بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێک ئاڕاستەی پارتە سیاسیەکانی هەرێم دەکات

بزووتنەوەی گۆڕان لە یادی رۆژی رۆژنامەگەری کوردی پەیامێک بلاودەکاتەوە و دەڵێت: "لە بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشیمانیدا، کە یادی ڕۆژنامەگەری کوردییە، ئەم پەیامە ئاڕاستەی پارتە سیاسیەکان و ڕایگشتی کوردستان دەکەین".

پەیامێک لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە

هاونیشتمانیانی خۆشەویست..

لە کاتێکدا ناوچەکە و عێراق بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵنگاری و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕن، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و هەرێمی کوردستان، لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە تێپەڕاندنی بەرژەوەندییە حیزبیەکان و گەڕانەوەیە بۆ پرەنسیپە نیشتمانییەکان.

دەبینین، گەلانی دەوروبەرمان سەرەڕای جیاوازیی ناوخۆییان؛ خاوەنی گوتارێکی یەکگرتوون. لە عێراقیشدا، پێکهاتە سەرەکیەکان بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەکانیان یەکیان گرتووە؛ شیعەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەکان لە ئەنجومەنی سیاسیدا بڕیارەکانیان یەکدەخەن، لە بەرامبەردا جێگەی داخە، کە ناوماڵی کورد پەرتەوازەیە.

بۆ کورد، کە خاوەنی مێژویەکی پڕ لە قوربانیدان و چەوساندنەوەی نەتەوەییە، لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش و چوارچێوەیەکی کاری سیاسییە بۆ پاراستنی گەلەکەمان، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە چاوەڕوانکراوانەی بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە.

بەداخەوە، ئەزموونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق و پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگای کەرکوک، بەبێ ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردستانیەکان تێپەڕی، ئەم واقعەش دەرهاویشتەی نەرێنییان بۆ سەر دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان هەبوە و دەبێت.

لەم سۆنگەیەوە و لەسەر بنەمای ئامانجە نیشتمانیەکانی گۆڕان، لە بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشیمانیدا، کە یادی ڕۆژنامەگەری کوردییە، ئەم پەیامە ئاڕاستەی پارتە سیاسیەکان و ڕایگشتی کوردستان دەکەین:

١. دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی ئەرکی لەپێشینەی هەموو لایەنە سیاسییەکانە، لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازی کاری پێکەوەیی دەکەین، هیوادارین ئەزموونی پەرتەوازەیی نەگوازرێتەوە بۆ پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان.

٢. ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد تەنها بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ نیە، بگرە پێویستیەکی بنچینەییە بۆ پشتیوانی دۆزی ڕەوای کوردستان لە پارچەکانی دیکەش. لەم سۆنگەیەوە بانگەوازی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی و کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعیەکان دەکەین.

٣. بزووتنەوەی گۆڕان، دوور لە ململانێی تەسک، دەستی کاری پێکەوەیی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان درێژ دەکات، ئامانجمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای کوردستان هەموومان بەیەکەوە ستراتیژێکی نیشتمانی کوردستانی دابڕێژین، کە وەڵامگۆی پێداویستیە سیاسیەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە بێت.

٤. بەیەکەوەبوون و دروستکردنی کۆدەنگیی کوردستانی ئەرک و هەنگاوی لەپێشینەییە. بە پێچەوانەوە دابەشبوون بەسەر جەمسەرە عێراقی و هەرێمایەتیەکان، سیاسەتێکی واقعی نیە و لەدواجاردا هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە دەستوورییەکان باجی دەدەن.

 

بزووتنەوەی گۆڕان

٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦

News ID 227041

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha