بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشەممە، ۱۴ـی نیسانی ۲۰۲۶، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ۳۸ ساڵ بەسەر تاوانەکانی ئەنفالدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سوودانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "بە خەمێکی قووڵ و یادکردنەوەیەکی پڕ لە ئازارەوە، یادی ۳۸ ساڵەی ئەو تاوانە رەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە کە رژێمی دیکتاتۆری پێشوو و دەستە تاوانبارەکانی دژی رۆڵەکانی گەلی کوردمان لە شاڵاوە وەحشیگەرییەکانی ئەنفالدا ئەنجامیاندا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە زیاتر لە سێ دەیەی پێش ئێستا، هاووڵاتیانی سڤیلی کورد لە شار و گوند و شارۆچکەکاندا "رووبەڕووی قێزەونترین جۆری کوشتن و ئەشکەنجە بوونەتەوە کە لە هەموو بەها و دابونەریت و یاساکان بەدەر بوون".
سوودانی لە پەیامەکەیدا جەختی لە پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسییەکان کردووەتەوە و دەڵێت، "لەکاتێکدا یادی ئەو شاڵاوە تاوانکارییانە دەکەینەوە، ئەمڕۆ شانازی بە یەکپارچەیی وڵاتەکەمان و برایەتی پێکهاتە و نەتەوەکانی دەکەین، لەژێر سایەی سیستمێکی دەستووریی فرەیی و دیموکراسیدا، کە تێیدا هەموو عێراقییەکان بە کەرامەت و ئازادی و بەبێ جیاکاری دەژین".
شاڵاوەکانی ئەنفال کە لە ساڵی ۱۹۸۸ لەلایەن رژێمی بەعسەوە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ۱۸۲ هەزار مرۆڤی بێتاوان و وێرانکردنی هەزاران گوند.
Your Comment