ئاسایشی بەندەرەکان لە کەنداوی فارس و دەریای عومان یان بۆ هەموانە یان بۆ هیچ کەس

وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، جگە لە کەشتییەکانی دوژمن، هەموو کەشیتییەکانی دیکە بە پابەندبوون بە رێکارە راگەیەندراوەکانی ئێران، دەتوانن لە گەروی هورمزەوە تێپەڕن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیبراهیم زولفەقاری، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا كە میدیا فەرمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوەتەوە، دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرگری لە مافە یاساییەکانی وڵاتەکەمان بە ئەرکێکی سروشتی و یاسایی دەزانن و لەسەر ئەم بنەمایەش پیادەکردنی سەروەریی ئێران لە ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەماندا مافێکی سروشتیی گەلی ئێرانە".

ئاماژەی بەوەشكرد، دابینکردنی ئاسایش لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە بەردەوام دەبێت و وەک چۆن چەندین جار ڕاگەیەندراوە، ئەو کەشتییانەی سەر بە دوژمنن مافی تێپەڕبوونیان نیە بە گەرووی هورموزدا، و كەشتیەكانی دیکە بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەک پێشوو ڕێگەی تێپەڕبوونیان لە تەنگەکە دەبێت.

زولفەقاری باسی لەوەشكرد، بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشەکانی دوژمن دژی گەلی ئێران و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان، دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش ئێران، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورموز جێبەجێ دەکات و سەپاندنی سنووردارکردنی ئەمریکا بەسەر هاتوچۆی دەریایی كەشتیەكان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، کارێکی نایاسایی و نمونەی چەتەی دەریاییە.

ئیبراهیم زولفەقاری لە پەیامەكەیدا دەشڵێت: "هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنن کە ئاسایشی بەندەرەکان لە کەنداوی فارس و دەریای عومان یان بۆ هەموانە یان بۆ هیچ کەس".

ناوبراو دەشڵێت: "ئەگەر ئاسایشی بەندەرەکانی ئێران لە ئاوەکانی کەنداوی فارس و دەریای عومان هەڕەشەی لێ بکرێت، هیچ بەندەرێک لە کەنداوی فارس و دەریای عوماندا پارێزراو نابێت".

News ID 227007

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha