بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فاتیمە موهاجیرانی، وتەبێژی حکوومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی ئەو بابەتەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە ناونیشانی 'گۆڕینی رژێم' دەستیان پێکردبوو، بگۆڕێت بۆ "چەسپاندنی سەروەریی ئێران لە تەنگەی هورمز، ئەوەش دەستکەوتێکی زۆر گرنگە بۆ ئێران".
ناوبراو وتیشی: سەرەڕایتیرۆری ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کاریگەرەکان لە بوارەکانی سەربازی و دیپلۆماسی، دەسەلاتی ئێران بەردەوام بوو لە کارەکانی و وتیشی: "ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم سیستمە گەیشتووەتە قۆناخێکی وا پێگەیشتوو کە بەم رووداوانە تووشی داڕمان نابێت".
وتەبێژی حکوومەتی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ئێران توانیویەتی تواناکانی لەڕووی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکییەوە بەکاربهێنێت و لە شەڕدا پێگەی خۆی بە بەهێزی بهێڵێتەوە. راشیگەیاند: "دووژمن نەگەیشتە هیچ کام لە ئامانجەکانی، بۆیە داوای ئاگربەستی کرد."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فاتیمە موهاجیرانی وتی: "ئێمە شەڕمان دەستپێنەکرد، ئەوان دەستیان پێکرد و هەوڵیان دا بە تیرۆرکردنی ئامانجە سەربازی و دیپلۆماسییەکان، سیستمەکە بڕووخێنن، بەڵام دواجار نەگەیشتنە ئامانجەکانیان."
وتەبێژی حکوومەتی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: ئێران لە بەرامبەر وڵاتێکدا کە خۆی بە هێزی بێ رکابەری سەربازی جیهان دەزانێت، "سەری دانەواند" و ۴۰ رۆژ بەرگرییەکی کەم وێنەی کرد، کە دواجار لایەنی بەرامبەری ناچار کرد داوای ئاگربەست بکات.
موهاجیرانی دووپاتی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئامادەیی تەواودان و دیپلۆماسیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەردەوامە و خەڵکی ئێرانیش لە شەقامەکانەوە پشتیوانی لەم دوو ستراتیژە دەکەن.
Your Comment