بەپێی محەمەد حەلبوسی لە پەیامێكدا لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، لەو کاتەی کە پێویستمان بە یەکپارچەیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نیشتمانی هەیە، گەواهیدەری بەردەوامیی ئەو هێرشە ڕەتکراوە و ئیدانەکراوانەین کە دەکرێنە سەر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، کە لەلایەن گروپە لەیاسا دەرچووەکانەوە ئەنجام دەدرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم گروپە بێسەروبەرانە خۆیان هەیبەتی دەوڵەت دەشکێنن لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا و کونسوڵخانەی برایانی ئیماراتی لە هەولێر، و دوایینیشیان دەستدرێژیکردنە سەر کونسوڵخانەی برایانی کوێتی لە بەسڕە بە بیانوی بێبنەما و گێڕانەوەی نادروست، بە مەبەستی چەواشەکردنی گەلی عێراق.
سەرۆكی حزبی تەقدوم باسی لەوەشكرد، "ئەم کردەوانە دەبنە هۆی لاوازکردنی پێگەی دەوڵەتی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ برایانی عەرەب، بەتایبەتی کە ئەمانە بەردەوامیی یاریپێکردنە بە چارەنوسی وڵات و ئاسایش و پەیوەندییەکانی، لە ڕێگەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرشی ڕەتکراوە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی عەرەبی".
حەلبوسی لە پەیامەكەیدا وتیشی، داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەین بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەنە پێش هەمو شتێک، و هەڵوێستێکی کاریگەر وەربگرن بۆ پشتگیریکردنی حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی ئەم گروپانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند لە دژیان.
دەشڵێت، "ئەمەش ڕێگە بۆ عێراق خۆش دەکات بۆ پیادەکردنی ڕۆڵە دیپلۆماسییەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لە هەوڵەکانی هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە تەواوی ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت".
Your Comment