چارەسەرنەکردنی پرسی کورد توخمی سەرەکیی قەیرانی سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی KCK ڕایگەیاند: هێرشەکانی سەر ڕۆژاڤا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنها هێرشی سەربازیی نین، بەڵکوو بەشێکە لە مەیلێکی فرەلایەن کە "ئامانج لێی تەسفیەکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیرادەی کوردە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی له‌وه‌كردوه‌: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕەوتی مێژودا بوەتە ئەو جوگرافیایەی کە ستاتۆکۆ و هاوسەنگییە سیاسییەکانی لێ بونیاد نراوە، ئەمڕۆش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕدراوە بۆ گۆڕەپانێکی شەڕ کە هاوسەنگییەکانی جیهانی لێ بونیاد بنرێتەوە، لەبەر ئەوەی کوردستان لە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، شەڕیش لە کوردستان و دەوروبەری قورس دەبێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سیاسی، ئابووی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ جیهان گرنگە، لە جیهانی بە گڵۆباڵبوی ئێمەدا، دەبێت مرۆڤ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەورووپا و ئەفریقا بە شێوەیەکی هاوبەش ببینێت، ئەگەر مرۆڤ ڕۆژئاوای ئاسیاش بۆ ئەمە زیاد بکات، ئەوا تێدەگەین کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕوی جیۆپۆلەتیکەوە چەندە گرنگە، کاتێک مرۆڤ گرنگی وزە بە ئەندازەی ئاو بۆ کۆمەڵگەکان و کاپیتالیزمی جیهانگیر هەژمار بکات، ئەو کاتە مرۆڤ دەتوانێت باشتر تێبگات کە بۆچی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە کوردستان بەڕێوەدەچێت".

جەمیل بایک ده‌شڵێت: "کورد لە ئەنجامی تێکۆشانی دەیان ساڵەی خۆیدا ئەمڕۆ بوەتە هێزێکی گرنگی سیاسی، هەم لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین و هەم لەناو هاوسەنگییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی پێگەیەکی زۆر گرنگە، ئیتر هیچ هێزێکی هەرێمی و نێونەتەوەیی بەبێ بینینی کوردان ناتوانێت سیاسەتێکی ڕاست و ئەنجامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەببات، بێگومان بەهۆی ئەو دۆخەی تێیدان هەرچەندە لە ئێستادا دەوڵەتان دەکەنە بنەما".

ئه‌وه‌شی وت، "تاوه‌كوو كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌كرێت نە ئەو وڵاتانەی بەسەر کوردستاندا سەروەرن ئارام دەبن و نە هێزە نێونەتەوەییەکانیش دەتوانن لە سیاسەتەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا ئەنجام بەدەست بهێنن، چارەسەرنەکردنی پرسی کورد توخمی سەرەکیی کێشە و قەیرانی سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "لەبەر ئەوەی کورد لە هەر چوار پارچە کاریگەرە، هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان هەوڵ دەدەن بیانخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە، دەیانەوێت کوردان یان بێکاریگەر بکەن یان بیخەنە ژێر کاریگەری خۆیان، بۆیە شەڕی هەرێمەکە لەسەر کوردستان بەڕێوەدەچێت، کوردیش ئەم دۆخە گرنگەی خۆیان لە تێکۆشانی سیاسیدا دەنرخێنن و لە تێکۆشانی ئازادی و مانەوەی گەلی کورددا تێکۆشانی بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان بەڕێوەدەبەن".

News ID 226838

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha