سەرۆکی یەکێتی پەیامێک ئاراستەی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق دەکات

سه‌رۆکی یه‌کێتی له‌ په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌یبه‌ت حه‌لبووسی به‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، ئومێدمان پێتانه‌ وه‌ک یه‌ک تیم کاربکه‌ن بۆ یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵه‌بانی له‌ په‌یامێکدا که‌ ئاڕاسته‌ی هه‌یبه‌ت حه‌لبووسی کردوه‌ دەڵێت: به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتان و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران، له‌ دڵه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رمتان لێده‌که‌م و هیوادارم له‌م ئه‌رک و به‌رپرسیارێتییه‌ چاره‌نووسساز و نیشتمانییه‌دا، سه‌رکه‌وتووبن و به‌هیمه‌ت و ڕۆڵی ئێوه‌ و ئه‌ندامانی نوێی په‌رله‌مان پێکه‌وه‌ خزمه‌تی زیاتری گه‌ل و وڵاته‌که‌مان بکه‌ن.

ناوبراو وتیشی: "ئومێدمان پێتانه‌ وه‌ک یه‌ک تیم کاربکه‌ن بۆ به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کانی دادوه‌ری، یاسادانان و جێبه‌جێکردن و یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و هاوبه‌شێتی و پاراستنی ئامانجه‌ باڵاکانمان".

تاڵەبانی ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو: "به‌دڵنیایشه‌وه‌ به‌ پێکه‌وه‌یی و لێکتێگه‌یشتنمان ده‌توانین سه‌قامگیریی وڵاته‌که‌مان بپارێزین و خواسته‌کانی هاوڵاتییان بهێنینه‌دی".

شایانی باسە له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، هه‌یبه‌ت حه‌لبووسی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران به‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ هه‌ڵبژێردرا.

News ID 226678

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha