کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی مانگانەی نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندی حکوومی لە وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ڕابردوودا (ئەیلول/۹) هەناردەکردنی نەوتی خاو بە تێکەڵکراوەکانەوە گەیشتوەتە ۱۰۲ ملیۆن و ۱۵۰ هەزار و ۳۶۲ بەرمیل نەوت، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).
لەبارەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقەوە، وەزارەتەكەی دەڵێت: "داهاتی مانگی (ئەیلول/۹) بریتی بووە لە شەش ملیار و ۹۶۲ ملیۆن و ۱۲۴ هەزار دۆلار. كە كۆی گشتنی بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە.
ئەوە لەكاتێكدایە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ۲۷ـی (ئەیلول/۹)ـێ ئەمساڵ و دوای نزیکەی لە ۳۰ مانگ، هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان بە بۆری لە بەندەری جیهانی توركیاوە دەستی پێکردەوە، كە كۆمپانیای سۆمۆ سەرپەرشتی دەكات و نەوتە دەفرۆشێت و داهاتەكەی دەگەڕیتەوە بە خەزێنەی دەوڵەت لە بەغدا.
لە مانگی (ئازار/۳)ی ساڵى ۲۰۲۳ـوە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکوکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى ۴۰۰ هەزار بەرمیل.
بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، كۆتاییەكانی مانگی ڕابربدو جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە. كە لە قۆناخی یەکەمدا ۱۹۰ هەزار بەرمیل هەناردەكرا و باس لە زیادكرنی بڕەكەی لە ئێستادا دەكرێت.
Your Comment