بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فاتیح بادپەروا، بەڕێوەبەری فیستیڤاڵەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد: ئەمساڵ ۴۴ گرووپی شانۆیی لە دەرەوە و ناوخۆی ئێران بەشداریی فێستیڤاڵەکە دەکەن. چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە لە پارکی شانۆ، پارکی زرێبار و مەیدانی باوەڕەشی نمایش دەکرێن و چەندان پێشبڕکەی بۆ بەرهەمە شانۆییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان، وتیشی: بەرهەمە شانۆییەکان بریتین لە سێ بەرهەمی ناوخۆیی ئێران، حەوت بەرهەمی نێودەوڵەتیی لە وڵاتانی کەنەدا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، ئەرمینیا، جەزائیر، عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێمە بۆ پێشوازیی و خزمەتی گرووپ و هونەرمەندانی بەشدار، بەرنامەی شایان و گونجاومان ئامادە کردووە.

بادپەروا، وتیشی: خەڵکێکی زۆر لە گشت پارێزگاکانی ئێرانەوە هاتوونەتە مەریوان و دانیشتوانیش بە گەرمیی و خۆشییەوە پێشوازییان لێیان کردووە.

محەممەد مەهدی ئەحمەدی، ڕاوێژکاری باڵای وەزیری فەرهەنگی ئێران لەمبارەوە دەڵێت: پیرۆزبایی دەستپێکی هەژدەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقام، لە هەموو هونەرمەندان و بەشداران دەکەم. سوپاسی دانیشتووانی مەریوان دەکەم بۆ ئەم پێشوزاییە گەرمە. ئەمە نیشانەی ڕەسەنایەتیی فەرهەنگی کوردستانە.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان لە ڕۆژانی ۲۶ تا ۲۹ تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

Your Comment