حکوومەتی هەرێم ۴۰ هاووڵاتیی لە لیبیا گەڕاندەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم ۴۰ هاووڵاتیی دەستگیرکراوی لە لیبیا گەڕاندەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ یەکشەممە، ۲۶ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵، لە ڕاگەیاندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ۴۰ هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی بە شێوەی نایاسایی ڕێگەی هەندەرانیان گرتە بەر، لە وڵاتی لیبیا دەستگیر دەکرێن و دووچاری ڕێگەیەکی سەخت و دژوار دەبنەوە، لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێكاری پێویست بۆ گەڕانەوەیان گیرایە بەر و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای گەیشتنەوەیان بە خاكی هەرێمی كوردستان، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تیمی پزیشکی و هاوکاریی، لەگەڵ ئازادکراوان بوون و پشکنینی پێویستی پزیشکییان بۆ ئەنجام درا، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان، تەواوی گەنجە ئازادکراوەکان گەڕێندرانەوە لای كەسوكاریان.

News ID 226319

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha