کوردپرێس: بەپێی ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشی وەزارەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی بەریتانیا، کە ڕۆژی ۲۱ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۵ بڵاوکرایەوە، فەرمانێک لە پەرلەمان دەرکراوە بۆ سڕینەوەی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) لە لیستەکە.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "بڕیاری حکوومەت بۆ سڕینەوەی دەستەی تەحریر شام لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە قەدەخەکراوەکان، بە واتای کارکردنی نزیکتر دێت لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکەی سووریا و پشتیوانیکردنی خاڵە لەپێشینەکانی وەزارەتی نێوخۆ و دەرەوەی بەریتانیا."
حکوومەتی بەریتانیا ڕاشیگەیاند: سڕینەوەی تەحریر شام لە لیستەکە: "بەشێکە لە وەڵامی بەریتانیا بۆ ئەو پێشهاتە گرنگانەی لە سووریا روویانداوە، لەو کاتەوەی ئەو هێزانەی لەلایەن سەرۆک ئەحمەد شەرعەوە سەرکردایەتی دەکران، کانوونی دووەمی رابردوو رژێمی ئەسەدیان رووخاند." تەحریر شام لە بنەڕەتدا لە ساڵی ۲۰۱۷ وەکو ناوێکی دیکەی رێکخراوی قاعیدەی قەدەخەکراو خرابووە لیستەکەوە.
لە راگەیێنراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "بەریتانیا لەسەر گوشارکردن بەردەوام دەبێت بۆ پێشکەوتنی راستەقینە، حکوومەتی سووریا بەرپرس دەکات بەرامبەر کردەوەکانی لە شەڕی دژی تیرۆر و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە بەگشتی. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەڵسەنگاندنی حکوومەتە نوێیەکەی سووریا لەسەر بنەمای کردەوەکانیان نەک قسەکانیان."
بەریتانیا رایگەیاندووە: "داعش هێشتا هەڕەشەیەکی بەرچاوە لە سووریا" و سڕینەوەی تەحریر شام لە لیستەکە "پشتیوانی لە کارکردنی ئەم حکوومەتە دەکات لەسەر ئەرکی دژە داعش لە سووریا، کە لە ئەنجامدا هەڕەشە بۆسەر بەریتانیا کەم دەکاتەوە".
هەروەها بڕیارەکە "پشتیوانی لە کارکردنی نزیکتر دەکات لەگەڵ سووریا بۆ لەنێوبردنی بەرنامەی چەکە کیمیاییەکانی رژێمی ئەسەد. ئەم حکوومەتە پێشوازی لە پابەندیی سەرۆکی سووریا دەکات بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی ئەم چەکانە".
ئەم بڕیارە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو راگەیێندراوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە لە سەرەتای ئەم ساڵ بۆ سڕینەوەی تەحریر شام لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی دەریکرد.
سڕینەوەی تەحریر شام لە لیستەکە، واتای ئەوەیە کە ئەو تاوانانەی لە یاسای تیرۆری ساڵی ۲۰۰۰دا هاتوون، لەنێویاندا تاوانەکانی ئەندامبوون و داواکردنی پشتیوانی بۆ رێکخراوە قەدەخەکراوەکان، چیدیکە بۆ تەحریر شام کاریان پێناکرێت. بە تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، کۆی گشتیی ۸۳ رێکخراو لەلایەن بەریتانیاوە وەک قەدەخەکراو دەمێننەوە.
Your Comment