بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد و لهبارهی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ كرا و جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و یاسا بەرکارەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە.
تاڵەبانی له كۆبوونهوهكهدا ڕایگهیاند، "ئەوەی بەدیهات بەرهەمی هەوڵ و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بوو، بۆیە یەکێتی پەرۆشانە کاردەکات بۆ رەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و پاراستنی هاوبەشێتی و شەراکەتی حەقیقی کە بنەماکەی پاراستنی مافی هەموان بێت بە تایبەت خەڵکی کوردستان تاوەکوو چیدیکە نەبنە قوربانی و ئەمەشمان بەئەرکی خۆمان زانی".
لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی: "هەموو هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیەن کە حکوومەتی نوێ پێش هەڵبژاردنی عێراق پێکبهێنین، بۆ ئەوەش دەربەست لەپێناو گەیشتن بە حکوومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کە ببێتە مایەی بەهێزکردنی هەرێمەکەمان و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک لە هەوڵداین و دڵنیاین لەم ئەرکەشدا لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی سەرکەوتوو دەبین".
له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازی لە هەوڵ و ڕۆڵی بافڵ تاڵهبانی و یەکێتی کرد بۆ لێکنزیک کردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی وڵاتەکەشی بۆ پاراستی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنەکان کرد.
Your Comment